لایەنێكی سیاسی هەرێمی کوردستان بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقی ڕاگەیاند

وتەبێژی هاوپەیماني نیشتیمان بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقی ڕاگەیاند و دەڵێت" لە ئێستادا دابڕان و دووركەوتنەوە لە دەسەڵات بەباشترین چارەسەر دەزانین".

حسێن ئەحمەد وتەبێژی فەرمی هاوپەیمانی نیشتیمانی کوردستان ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە ئاماژەی بەوەکردووە" هاووڵاتیانی دڵسۆزی كوردستان و عیراق لە پاش ئەوەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئامادەیی جیدی بۆدەكرێت و پێدەچێت لە ١٠/١٠ ئەگەری قەراردان لەسەری ببێتە فاكتێكی واقیعی، لە وەها حاڵێكدا، ئێمە وەك هاوپەیمانیی نیشتیمانی كوردستان، ڕایدەگەیەنین كە بایكۆتی هاڵبژاردن لە تێكڕای بازنەكانی عیراق و كوردستاندا دەكەین و داواكاریشین لە هاووڵاتیانی دڵسۆزی كوردستان و عیراق، بڕۆنە بەردەم سندووقەكانی دەنگدان و بەرپرسانە دەنگەكانتان بسووتێنن و ناوی خۆتان بە تۆمار كراوی بە بێ هیچ بژاردەیەكی دیاری كراو، لە بازنەكانی دەنگداندا جێبهێڵن". 

ڕاشیگەیاندووە" تا هەمووان پێكەوە بتوانین، تەزویر و ساختەكاری ھەڵبژرادنەكانی ساڵی ٢٠١٨ ڕابگرین، وە بەم بایكۆتە كوردستانێكی سەقامگیر و عیراقێكی سیستەماتیك و دامەزرا و پیشچاو بخەین و هەموومان پێكەوە دەست لەناو دەست كۆمەك بە هەستانەوەی بكەین". 

وتەبێژی فەرمی هاوپەیمانیی نیشتیمانی کوردستان باسی لەوەشکردووە، بە پێچەوانەوە، هەر جۆرە پشتگیری كردنێكی هەڵبژاردنەكانی عيراق، بە خاڵی لاوازی عێراقییەكان تێدەگەین و عیراق بەم هەڵبژاردنە زیاتر و زیاتر دەگلێتە بارو دۆخی ترسناك و مەلول و سەختەوە. 

لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا حسێن ئەحمەد ڕونیشی كردۆتەوە، لە ئێستادا دابڕان و دووركەوتنەوە لە دەسەڵات و حزبە دەسەڵاتدارەكان بەباشترین چارەسەر دەزانین، بۆ ئەوەی ھێڵێكی جیاكەرەوە ھەبێت لە نێوان ئەم دووھێزە، ھێزی گەندەڵكارو قۆرخكاری دەسەڵات بە تەزویرو ساختەكاری، ھێزی گەل و دژە گەندەڵی و ستەملێكراو. 


PM:11:15:07/09/2021