حزبی دیموکراتی کوردستان هۆشداری لە هێرشی زەمینی بۆ سەر هەرێم دەدات

ماوەی سێ رۆژە تۆپبارانی ناوچە سنوریەکانی نزیک ئێران لەلایەن تۆپخانە و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامە، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پێشبینی دەکات ئێران هێرشی زەمینی بۆسەر هەرێم دەستپێبکات.

میدیای حزبی دیموکراتی کوردستان لە هەواڵ و راپۆرتەکانیاندا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ماوەی چەند رۆژێکە کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەسازی دەکات بۆ هێرشکردنە سەر بنکەو بارەگاکانیان لە هەرێمی کوردستان و  چەندهێزێکی تایبەتی لەسەر سنووری شارەکانی شنۆ و پیرانشار بە تەواوی ئامێر و کەرەستەی شەڕ و چەکی قورس و نیوە قورس جێگیر کردووە کە پیشاندەری ئەگەری هێرش لە زەوییەوە لەلایەن هێزەکانی ڕێژم بۆ سەر ناوچەی برادۆست لە هەرێمی کوردستانە.
  
ئەو بارگرژییە لەسەر سنوری هەرێم و سێ رۆژی تۆپباران و بۆردومانی شوێنی بنکەو بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم، دوای هەڕەشەکانی سەرکردە سەربازییەکانی ئێران دژی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێم دێت، ئەمانەش هەموویان دوای سەرکەوتنی ئیبراهیم رەئیسی دێت لە دوا هەڵبژاردنی ئەو وڵاتەدا کە سەر بەباڵی موحافەزەکاری توندڕەوەو پێشبینی پەیڕوەکردنی سیاسەتێکی توندڕەو بەرامبەر ناوچەکە دەکرێت.



PM:12:09:11/09/2021