بەرهەم ساڵح لەگەڵ پارێزگارەكانی هەرێم كۆبووەوە

سەرۆك كۆماری عێراق، ئەمڕۆ پێشوازیكرد لە پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان و لە دیداری نێوانیاندا تاوتوێی بەهێزكردنی هەوڵەكانیان كرد.

ئەمڕۆ شەممە بەرھەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیكرد لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر و هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆك و ئازاد تۆفیق رەحیم، پارێزگاری هەڵەبجە و سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و خزمەتگوزاری گفتوگۆكرا.  

بەپێی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكە" بەگرنگییەوە باس لە بەھێزكردنی هەوڵەكان كرا بۆ گەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لە رێگای دیالۆگ و گفتوگۆ، ھەروەھا دووپاتكرایەوە لەگرنگی پاراستنی مافە رەواكانی ھاووڵاتیان بێ جیاوازی".   

بەرهەم ساڵح باسی لەوەشکردووە، لە گرنگی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و ریشەیی بۆ كۆتایی ھێنان بە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەردوو حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا، بەتایبەتی كێشە داراییەكان و پاراستنی مافە رەواكانی خەڵك و مووچەخۆران و خانەنشینانی ھەرێمی كوردستان و عێراق بێ جیاوازی.


PM:04:23:11/09/2021