لەبارەی پرسی هەڵگرتنی ڤیزای نێوان عێراق و ئێران روونکردنەوە دەدرێت

باڵیۆزی ئێران لە بەغداد لەسەر پرسی هەڵگرتنی ڤیزای نێوان عێراق و ئێران روونکردنەوە دەدات و دەڵێت" لابردنی ڤیزای نێوان ئێران و عێراق تەنها بۆ گەشتی ئاسمانییە". 

ئیرەج مەسجدی بالێۆزی ئێران لە بەغداد لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" بڕیاری هەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان عێراق و ئێران لە ئێستادا تەنها ئەو گەشتیارانە دەگرێتەوە کە گەشتی ئاسمانی ئەنجامدەدەن، بەتایبەت ئەو زیارەتكارانەی كە بە فڕۆكە گەشت دەكەن". 

باسی لەوەشکردووە، بڕیاری هەڵگرتنی ڤیزا دوای تەواوبوونی رێوەڕەسمەکانی جلەی ئیمام حوسێن جێبەجێدەکرێت، لە ئەگەری کەمبوونەوەی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناش ئەگەری هەیە هەڵگرتنی ڤیزا گەشتە وشکانییەکانیش لە نێوان عێراق و ئێراندا بگرێتەوە.

دوێنێ یەکشەممە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا كە لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆی ڕێكخرابوو ڕایگەیاند" لەمەودوا گەشتیارانی ئێرانی و عێراقی پێویستییان بە ڤیزا نابێت بۆ گەشت کردن لە نێوان هەردوو وڵات". 


AM:10:27:13/09/2021