سلێمانی .. هەوڵی تیرۆرکردنێک شکست دەخوات

لە سلێمانی هەوڵی تیرۆکردنی کوردێکی باکووری کوردستان شکست دەخوات و هاوڵاتییەکەی باکور بریندار دەبێت.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پەنابەرێکی باکووری کوردستان لە شاری سلێمانی بەناوی ( فەرهاد بارش قۆندوو) کە کارمەند بووە لە کۆمپانیای 'جان دیاربەکر'ی گواستنەوە و گەیاندن، لە ئۆفیسی کۆمپانیاکە لە گەڕەکی شەکرەکەی شاری سلێمانی ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە و فیشەکێک بەر ملی دەکەوێت و بریندار دەبێت.

ماڵپەری رۆژ نیوز بڵاویکردۆتەوە، فەرهاد بەیانی زوو دەچێت ئۆفیسی کۆمپانیای جان دیاربکەر بکاتەوە، دەبینێت کەسێک لەبەردەم ئۆفیسەکە ڕاوەستاوە، پاش ئەوەی فەرهاد ئۆفیسەکە دەکاتەوە، ئەو کەسە دەچێتە ناو ئۆفیسی کۆمپانیاکە و بە دەمانچە فیشەکێک دەنێت بە فەرهادەوە، لەوکاتەدا فەرهاد سەری لادەبات و فیشەکەکە بەر ملی دەکەو‌ێت.

بەگوێرەی شاهیدحاڵەکان ئەو کەسەی هەوڵی تیرۆرکردنەکەی ئەنجامداوە کڵاوی لەسەر کردووە و دەمامکی بەستووە و چاویلکەی لەچاوکردووە بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە، هاوڕێکانی فەرهادیش دەڵێن، فەرهاد ئەو کەسە ناناسێت و هیچ کێشەیەکی شەخسیشی لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەبووە و هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەو کەسەشدا نەبووە و بەهیچ شێوەیەکیش نایناسێت.

دوای ڕووداوەکە فەرهاد دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شار و لەئێستادا لە نەخۆشخانەی شار لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە، بەگوێرەی ڕاپۆرتە پزیشکییەکانیش مەترسیی لەسەر ژیانی نەماوە و دۆخی تەندروستیی جێگیرە.




PM:05:25:16/09/2021