پێکهێنانی هێزی هاوبەشی پێشمەرگەو سووپای عێراق هەنگاوی باشیان بڕیووە

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕایگەیاند، هەماهەنگیەکی باش لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەرووی ئەمنی و سەربازی دروست بووە و بنکە هاوبەشەکانیش لە (خانه‌قین، كه‌ركووك، مه‌خموور و رۆژئاوای موسڵ) دەبێت.

لە ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم کە شەممە ١٨ی ئەیلول دەرچووە، تیایدا هاتووە" لە رۆژی کۆتایی سەردانەکەی وەفدی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا بەست و تیایدا رایگەیاند، هەنگاوەکانی پێکهێنانی بنکەکانی هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش لە سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە قۆناغێکی باشی بڕیوە."   

لەزگین دەشڵێت "بنکەکانی هه‌ماهه‌نگیی هاوبەش، ماوه‌یه‌كی كه‌مه‌ له‌ (خانه‌قین، كه‌ركووك، مه‌خموور و رۆژئاوای موسڵ) پێكهێنراون، دوو ناوه‌ندە سه‌ره‌كیەکەی له‌ هه‌ولێر و به‌غداش چالاک كراونەتەوە، ماوه‌یه‌كه‌ ده‌ستبه‌كارن."   

ئەوەشی خستۆتەڕوو "ئه‌و دوو ناوه‌نده‌، پێک دێن لەتیمێك له‌ ئه‌فسه‌رانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق، کە كار ده‌كه‌ن بۆ دروستكردنی دوو لیوای هاوبه‌ش، بۆ پاراستنی ئه‌و ناوچانه‌ی، كه‌ له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق ته‌ماسن، ئه‌گه‌ر بابه‌تی هه‌ڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ نه‌بوایه‌، كاره‌كانی دروستكردنی ئه‌و دوو لیوایه‌ لە ئێستادا ته‌واو دەبوون."   

سەربەست لەزگین راشیگه‌یاندووە، "ئه‌م هه‌ماهه‌نگییه‌ ده‌ستپێكێكی زۆر باشه‌، كه‌ له‌ نێوانی  حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا دروستبووه‌، به‌تایبه‌تی له‌نێوانی ده‌زگاكانی ئه‌منی و سه‌ربازیدا."   



PM:10:00:18/09/2021