"هەڵەكانی قاسم سلێمانی ئێرانی بەرەو هەڵدێر بردووە"

رۆژنامەی ئەمەریكی واشنتۆن پۆست دەنوسێت هەڵەكانی سوپا قودس‌و فەرماندەكەی قاسم سلێمانی، ئێرانی بەرەو كارەسات‌و ناسەقامگیری بردوە.

سوپای قودس، لقێكی سوپای پاسدارانی ئێران كە لەدەرەوەی سنورەكانی ئەو وڵاتە كاردەكات. قاسم سلێمانی یەكێك لە فەرماندەكانی ئەم هێزە سەربازییەیە كە بە كەسایەتییەكی كاریگەریش لە وڵاتی عێراق‌و سوریا‌و ئێران دێتە ئەژمار. قاسم سلێمانی لە لوبنان بۆ یارمەتیدانی حیزبوڵا، سوریە بۆ یارمەتیدانی بەشار ئەسەد‌و عێراقش بۆ رێگەگرتن لە كاریگەری ئەمەریكا‌و یارمەتی حكومەتی شیعەی عێراق چالاكانە كاری كردوە.

واشنتۆن پۆست لەبابەتەكەدا دەنوسێت "پەرەسەندنی نفوزی ئێران لەسوریا، لوبنان‌و عێراق بەهەوڵەكانی قاسم سلێمانی، پێشهاتی ئاسۆیەكی مەترسیدار‌و ناسەقامگیرە لەسنورەكانی ئێران.

هەروەها دەنوسێت "راستە ئەمەریكا لەدۆخی قەیرانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توشی چەندین هەڵە بووە، بەڵام ئەگەر باش بیربكەینەوە دەركەوتنی داعش بۆ ئێران كە 900 كیلۆمەتر سنوری هاوبەشی لەگەڵ عێراقدا هەیە، كارەساتە".

نوسەری بابەتەكە پێیوایە "چالاكی بێڕحمانەی قاسم سلێمانی لە سوریا، لوبنان‌و پاشان لەعێراق، ئێستا توندڕەوە سوننەكانی هێناوتە مەیدان‌و سلێمانی بە هەڵە یەك لەدوای یەكەكانی خۆی چەندین دەرفەتی باشی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانی ئێران لەدەستداوە‌و زۆربەی سوننەكانی كردوەتە دوژمنی ئێران".

راپۆرتەكە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی لەعێراق لەهەموو روویەكەوە بۆ ئێران كارەساتبارە.
واشنگتۆن پۆست لەدرێژەدا دەنوسێت: گرفتی دیكەی قاسم سلێمانی كوردستانی عێراق‌و بڕیاری سەركردەكانی كورد بۆ راگەیاندنی سەربەخۆییە.

بە بڕوای نوسەری بابەتەكە: وڵاتێكی لەو چەشنە، هەستی ناسیونالیستی كوردەكانی ئێران دەبزوێنێت‌و پەرە بە ناسەقامگیری زیاتر دەدات‌و تەنیا رێگەی قاسم سلێمانی بۆ پاراستنی یەكپارچەیی عێراق، دووركەوتنەوە لە شیعە‌و بەهێزكردنی سوننەكان لە حكومەتی ناوەندییە واتە لەهەردوو حاڵەتدا سلێمانی دۆڕاوە.



PM:05:41:05/07/2014