ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان بەرهەم ساڵح و جۆ بایدن بڵاوکرایەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ سه‌رۆكی ئه‌مریكا و سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌ په‌راوێزی كۆبونه‌وه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان كۆبونه‌وه‌.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە پەراوێزی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیویۆرک لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبوەوە و سەبارەت بە دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیھان گفتوگۆکراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە: لەو کۆبونەوەیەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و رێکارەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەبوارە جیاجیاکاندا لەچوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی نێوان هەردو وڵات، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و پشتیوانی لە رێکخستنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە شێوەیەکی دادپەروەری دور لە ساختەکاری، ھەروەھا جەختکرایەوە لەگرنگی ریشەکێشکردنی تیرۆر و توندڕەوی لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.

لە کۆبونەوەکەدا بەرھەم ساڵح دوپاتیکردەوە کە عێراق بە گرنگییەوە دەروانێتە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بەتایبەتی لە روی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و ژینگەیی و فەرهەنگی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و لەچوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان هەردو وڵات.

سەرۆک کۆمار ئەوەشی خستوەتەڕوو: عێراق کاردەکات بەئاڕاستەی پەیوەندییە دیپلۆماسییە ھاوسەنگەکانی بۆ پشتیوانیکردن لەچارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکان و کەمکردنەوەی بارگرژییەکان، ھاوکات باسی لە رۆڵی گرنگی عێراق کرد بۆ ھێنانەئاراوەی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا، ھەروەھا بەرەنگاربونەوەی ئاستەنگەکانی گۆڕانی کەشوھەوا و پاراستنی ژینگە.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق باسی لەوەشكردوە: لە کۆبونەوەکەدا سەرۆک جۆ بایدن پێشکەوتنەکانی عێراقی بەرزنرخاند روەو پاراستنی سەقامگیری و هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە، ھەروەھا پشتیوانی ئەمریکای دوپاتکردەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەری عێراق و روبەڕوبونەوەی تیرۆر و بەهێزکردنی ئابوری، ھاوکات جەختیکردەوە لە پێویستی کار و ھەماھەنگی ھاوبەش لە چوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی لە سەرجەم بوارە جیاجیاکاندا، لە پێناو بەرژەوەندی ھەردو وڵات و گەلی دۆستدا.


PM:11:26:21/09/2021