پۆلیسی دارستانی سلێمانی، لەبارەی گرژییەكاین شەوی ڕابردووی گوندی تووە سپی، رایگەیاند بەڕێوەبەر و چەند كارمەندێكی فەرمانگەکەیان بریندار بوون.
لە ڕاگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستانی سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "دوای ئەوەی بڕیاری دادوەر وەرگیرا بۆ ڕێگریکردن لە دیاردەی زیادەڕۆیی و دروستکردنی خانوو بەشێوەی سەرپێچی و دوور لە یاسا ، مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان و چەند ئەفسەرێک چوونە سنووری گوندی تووە سپی”.
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو "لەکاتی ڕێگریکردن لە دروستکردنی چەند کۆگا و خانوویەکی تازەدروستکراو، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان سەپێچیکاران و مەفرەزەکانی پۆلیس ڕوویدا”.
پۆلیسی دارستانی سلێمانی باسی لەوەكردووە، "لەناو قەرەباڵغییەکەدا تەقە لەهێزەکانی پۆلیس کرا و بە دار و بەرد ڕووبەڕووی مەفرەزەکان بوونەوە، لە ئەنجامیشدا
عەمید – ئاری ڕەئوف بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی و شەش کارمەند برینداربوون”.
پۆلیسی دارستان پەڕاوی لێکۆڵینەوە ڕێکخراوە بۆ بەدواداچوون و وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی.