قوباد تاڵەبانی: مام جەلال خەریكبوو ئەو یەكێتییەی ژیانی خۆتت لەسەر دانا بەرەو هەڵدێر بڕوات


قوباد تاڵەبانی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان لە چوارەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی تاڵەبانی دا، باس لە نانکۆکییەکانی ئەم دواییەی نێوان دووو هاوسەرۆک دەکات و دەڵێت" مام جەلال خەریكبوو ئەو یەكێتییەی ژیانی خۆتت لەسەر دانا بەرەو هەڵدێر بڕوات".

لە پەیامێکدا قوباد تاڵەبانی بە بۆنەی چوارەمین ساڵرۆژی کۆچی باوکیەوە دەڵێت " دڵمان پڕە و هێشتا خەمباری ماڵئاوایی تۆین، بەڵام ئاسودەین كە لەهەوڵی گەیاندنی كاروانەكەتین بە دوا مەنزڵ، خەریكبوو ئەو یەكێتییەی هەموو ژیانی خۆتت لەسەر دانا بەرەو هەڵدێر بڕوات، بەڵام شانمان دایە ژێر باری راستكردنەوەی و ئێستا لەگەڵ ھەڤاڵان خەریكین هەنگاو بەهەنگاو بیخەینەوە سەر راستەڕێگەكەی تۆی مام و ڕابەر".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانی:

باوكە گیان..
چوار ساڵ بەسەر ماڵئاوایی تێپەڕبوو، كەچی خەمی لەدەستدانت و ئەو بۆشاییەی دروستی كرد هێشتا هەر ئەڵێی ئەو رۆژەیە كە هەواڵی ناخۆشی مەرگت هەموومانی ڕەشپۆش كرد.

لەم ماوەیەی بەجەستە لەناوماندا نەبوویت، لەهەمووكات زیاتر لەگرنگی و پێگەو كاریگەریی ژیانی سیاسی تۆ تێگەیشتین، ئاخۆ تۆ چی بووبیت وا هەموومان چوارساڵە ڕاكە ڕاكمانە و هەرچی ئەكەین هیچ لەو كەلێنانەمان بەتەواوی بۆ پڕ ناكرێتەوە كە لەپاش تۆ دروستبوون؟!

دڵمان پڕە و هێشتا خەمباری ماڵئاوایی تۆین، بەڵام ئاسودەین كە لەهەوڵی گەیاندنی كاروانەكەتین بە دوا مەنزڵ، خەریكبوو ئەو یەكێتییەی هەموو ژیانی خۆتت لەسەر دانا بەرەو هەڵدێر بڕوات، بەڵام شانمان دایە ژێر باری راستكردنەوەی و ئێستا لەگەڵ ھەڤاڵان خەریكین هەنگاو بەهەنگاو بیخەینەوە سەر راستەڕێگەكەی تۆی مام و ڕابەر.

بەر لەوەی كۆچ بكەیت، لەگەڵ كاك نەوشیروانی هاوڕێی تەمەنت، خەونی یەكڕیزی و گێڕانەوەی برایەتی جارانتان هەبوو کە لە دەباشان هێڵە گشتییەکانتان بۆ راکێشاین، وا ئێمە هەنگاو بەرەو بەدیهێنانی ئەو خەونەی ئێوە دەنێین و سوورین كۆتایی بەهەموو دابەشبوونێك بهێنین و یەكێتی و گۆڕان بكەینە بەرەیەك و هاوپەیمانێتییەكی سیاسی تا یەکگرتنێک كە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەموو كۆمەڵانی خەڵكی کوردستان.

باوکە گیان، لەپێناو قووت و گوزەرانی خەڵکەکەمان لەهەموو دەرگایەکی بەغدادمان دا، چوینە هەركوێیەک سەربەرزبوین كە میراتگری مام جەلالین. زۆر زۆر سوپاس بۆ ئەو هەموو پەیوەندی و دۆست و شكۆو رێزەی لەدوای خۆت بۆ ئێمەت بەجێهێشت و ئێمە ئێستا سەرمان بەرزە پێی، چونکە دەمانزانی و هەستمان پێدەکرد کە بەشی زۆری ئەو رێزە، تەنانەت دوای چوار ساڵ لەماڵئاوایی تۆ، هێشتا هەر بۆ تۆ بوو. لەدڵەوە دەیڵێم سەربەرزم کوڕی تۆم باوکە گیان!

خەمێكی قووڵی تری تۆ ئازادی و داكۆكیكردن بوو لە جیاوازییەکان، پاراستنی شکۆی نووسەران و خەڵكی خاوەن بیر و ڕۆشنفكردابوویت، بەبێ ئەوەی بتەوێ دواتر بەرەو ڕوویەكی دیار ئاراستەیان بكەیت، پێتوابوو ئازادی مافێكی خۆڕسكە تەنانەت بۆ تانەدان و ڕەخنەی توندیش لەخودی خۆت، ئێمەش هەر لەسەر باوەڕی تۆین و گفت و بەڵێنمان ئەوەیە تا ئەو جێگای دەسەڵات و توانامان هەبێت نەهێڵین گیراوی بیر و رۆژنامەنوسی زیندانیكراو و سەركوتكردنی ڕەخنەگرتن هەبێت و هەر بۆ پرەنسپیی چەپكە گوڵەكە تێدەكۆشین.

باوکە گیان.. ناتوانین بۆشایی تۆ وەك پێویست پڕ بكەینەوە، بەڵام هیچ كاتێكیش درێغی ناكەین و وتەو رەفتار و هەڵسوكەوتەكانت مەشخەڵی رێگەمانە بۆیە بەهیوام لە دوامەنزڵگەتدا ئاسوودە و ئارام بیت و ساڵ دێت و دەڕوات تۆ هەر مام جەلالی، ڕابەری كوردان و شكۆی نەتەوەکەمانی.

کوڕی خۆت
قوباد



AM:09:43:03/10/2021