هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان، پەیامێكی بۆ یادی كۆچی دوایی مام جەلال بڵاوكردەوە و ڕایدەگەیەنێت" یەکێتیمان لەھەڵدێران پاراست و ژیانی سیاسی و حیزبایەتیمان ئاسایی کردەوە، ھەر بڕیارێک درابێت و لەداھاتووشدا دەدرێت، لە خزمەتی چاکەی گشتی و یەکێتی و کوردستانەکەت دەبێت".
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە، لە پەیامێكدا بەبۆنەی چوارەمین ساڵڕۆژی كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی باوكیدا، رایگەیاند" لە چوارەمین ساڵڕۆژی ماڵئاوایی تۆدا بەشکۆوە رادەمێنم و تاوێک لە خەباتی رابەر و رۆشنکەرەوەی بیری کوردایەتی و بڵێسەی شۆڕشی نوێ، پشودەدەم و بەدەم گەشبینی، ھیوا و ئومێدەوە بۆ ئاسۆیەکی رونتر ھەنگاودەنێم، ھەنگاوی وەفاداری دەنێین و بەشوێن دونیابینی و سیاسەتی حەکیمانەی مام ڕێدەکەین و ئەمانەتی تۆ لە بەرامبەر خوێنی شەھیدان و تێکۆشەرانی یەکێتی دەپارێزین، دەیبوژێنینەوە، رێکیدەخەینەوە".
ئاماژەی بەوەشکردوە: ئەرکی ئێمەیە بەرنامەکەت تەواوبکەین و یەکێتی ناو یەکێتی بپارێزین، ئەم یادە بەدەرفەت دەزانم تا جارێکی تر دڵنیات بکەمەوە و ویژدانم ئاسودەبکەم، دوای پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنێکی زۆر دواجار بە ھاوکاری دڵسۆزانی رێگاکەت و تێکۆشەران و شوێنکەوتوانی، یەکێتیمان لە ھەڵدێران پاراست و ژیانی سیاسی و حیزبایەتیمان ئاسایی کردەوە، ھەر بڕیارێک درابێت و لەداھاتووشدا دەدرێت لە خزمەتی چاکەی گشتی و یەکێتی و کوردستانەکەت دەبێت.
دەشڵێت" راستە رێگری ھەبو بەڵام لەم کاروانەدا تەنھا نەبوین و تەنھا نین، پێکەوە ھەمومان تێکۆشەران، پێشمەرگەی دێرین، کەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی، کەسوکاری شەھیدان، ھەڤاڵان و کادران یەکێتیمان پاراست و لەخەمی یەکێتیدا بوین، وەک سەردەمی رابەرایەتی تۆ ئێستا یەکێتی و یەکێتییەکان ئازاو ئازادن کار بۆ ژیانێکی باشتر و کوردستانێکی ئاوەدانتر دەکەن".
بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەشکردوە: لەم قۆناغی خەباتی نوێیەشدا یەکێتییەکەمان و گۆڕانەکەی کاک نەوشیروان دوا ئاواتی ئێوە و ویستی کۆمەڵانی خەڵکیان بەجێگەیاند و پێکەوە بەرەو سەرکەوتن ھەنگاودەنێن و لە ھاوپەیمانیەتییەکەدا لە بەردەم وەفاداری خەڵک و کێشە بنچینەییەکانی ھەرێم و پارسەنگی ھێز و مافە دەستورییەکانمان راوەستاوین، ھاوپەیمانی کوردستان وەفادار دەبێت و کار بۆ ژیانێکی باشتر و پاراستنی قەوارەی ھەرێم دەکات، خۆمان ئامادەکردوە و لە بەردەم سەرپێخستنی خەونی تۆ و کاک نەوشیروان داین و دەمانەوێت ئەو سیاسەتە حەکیمانەی ئێوە بکەینە سەرمەشقی خەباتی نوێمان.
ئەوەشی خستوەتەڕوو: کەرکوک و کەرکوکییەکان، خانەقینییەکان، شەنگال، مەخمور و ئازیزانمان لە ناوچە دابڕێندراوەکان لەبەرامبەر بەڵێنی سەرۆک مامجەلال و خەمی کوردستانی بونی ئێوە وەفادارین و لەئاست بەرپرسیارێتی پەیمانی مام دەبین و قودسی کوردستان قوڵایی ستراتیژی خەباتمان دەبێت و بەگیانمان دەیپارێزین، بۆ ھەمیشە لەگەڵتانین و شارەکەی خۆمان جێنەھێشتووە و جێی ناھێڵین، وەفا و وەسێتی باوکمانە و دەیپارێزین.
بافڵ تاڵەبانی هەروەها نوسیویەتی، بۆ تۆی باوکیش بیرت دەکەم، زۆرجار لەبەرامبەر مەزنیت، رابەرایەتی و پێشەواییت، داکۆکیت لەمافە گشتییەکان و ئازادی رادەربڕین و تەبایی و یەکڕیزی گەلی کورد، خەمت بۆ نیشتمانێک کە رەنگدانەوەی ھەمو بۆچونە جیاوازەکان بێت، رادەمێنم و بەڵێن بە رۆحت دەدەم کە ئەم بەرپرسیارێتییە بە ئەمانەتەوە بەجێ بگەیەنم و مەشخەڵی شۆڕشی نوێ و یەکێتییەکەت بڵێسەدارتر بکەم، ئارامی بۆ ڕۆحی مەزنت و رێگات رۆشن و یەکێتییەکەت ئاوەدانتر باوکە گیان.