ئەمینداری گشتی یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ پەیامێك ئاڕاستەی هاوڵاتییانی هەرێم دەکات

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ کوردستان پەیامێك ئاڕاستەی هاوڵاتییانی هەرێم دەکات و دەڵێت" پرۆسەی هەڵبژاردن باشترین بەرهەمی عەقڵی مرۆڤەو نەكەن بەپاساوی گلەیی‌و بێزاری بایكۆت بكەن‌".

ئێوارەی ئەمڕۆ سەڵاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پەیامێكی ڤیدیۆی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" پرۆسەی هەڵبژاردن باشترین بەرهەمی عەقڵی مرۆڤەو تاكە بژاردەی مەشروع و شارستانی و گونجاوە بۆ دیاریكردنی نوێنەرانی خەڵك لەسەنتەری بڕیارو یاسادانان و ئیدارەی وڵاتدا، بۆیە نەكەن بەپاساوی گلەیی و بێ زاری بایكۆت بكەن و لەداخی نادادی و ستەم و گەندەڵی و قۆرخكاری دەسەڵات، نەچن بۆ سەر سندوقی هەڵبژاردن، چونكە بەوە لە مافێكی یاسایی خۆتان مەحروم ئەكەن و لە ئەركێكی شەرعی خۆتان دوا ئەكەون و فرسەت بەكەسانی نەشارەزاو لێ نەهاتوو ئەدەن نوێنەرایەتیتان بكات".

ئاماژەی بەوەشکردووە: یەكێك لە پیلانەکانی گەندەڵكاران و خەڵكە نابەرپرسەكان ئەوەیە كە هەوڵ دەدەن هاوڵاتیان بێ هیوا بكەن لە گۆڕانكاری و دەیانەوێ مەئیوسیان بكەن لە چاكسازی و ناچار بكرێن بەڕازی بوون بە نادادی و واقعی چەقبەستوی سەقەت، هەڵبژاردن هەنگاوێكی بنەڕەتیە لە پرۆسەی گۆڕانكاری و چاكسازیدا و ئەمڕۆ بەدیلی نیە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا.

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی ئەوەشی خستەڕوو: ڕاستە لە بانگەشەدا قسە و گوتاری جۆراوجۆر دەكرێ و موزایەدەی زۆر هەیە و هەرلایەنەش باسی جوانی خۆی ئەكات و ناشرینی بەرانبەرەكانی دەرئەخات، بەڵام سەلامەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و دوری لە توندوتیژی لە هەڵمەتی ئەم پرۆسەیەدا جێگای دڵخۆشیە و بایەخی خۆی هەیە، ڕكابەری و منافەسەی هەڵبژاردن سروشتیەو بەمانای ناحەزی و دوژمنایەتی نیە، بەشەیتانكردنی یەكتر ڕەوشتێكی دواكەوتوەو سیاسەت نابێ خاڵی بكرێتەوە لەبەهاو ئەخلاق.

دەقی پەیامەكە:

بسم الله الرحمن الرحیم
جەماوەری خۆشەویست و شەرەفمەندی كوردستان
سڵاوی خودای پەروەردگارتان لێ بێت..

وا هەڵمەتی هەڵبژاردنە چارەسەنوس سازەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆتاییدایە.. هەڵبژاردنێكی بایەخدارو هەستیارەو لە هەلومەرجێكی هەستیاری ناوچەكە و عێراقدا ئەنجام ئەدرێت.. هەرێمی كوردستان زۆر لەجاران زیاتر پێویستی بەئامادەیی و حزورە لە بەغدا.. پێویستی بەناردنی كەسانێكی شارەزاو بوێر و دڵسۆزی گەل و نیشتیمانە.. كەسانی ڕابردوو پاك و جێگای متمانە نەك تەنیا گەندەڵ نەبن بەڵكو دەبێ ڕێگە بگرن لەگەندەڵكاری و لەبەغداوە چاودێری ماف و ئەركی هەرێم و ناوەند بكەن و داكۆكی لە پشكی مافە دەستورییەكانی گەلەكەمان بكەن، ئێمە دەمانەوێ كەسانێك بنێرینە ئەو پۆست و پێگەیە بەهیچ نەخەڵەتێن و لەهیچ نەترسێن، قەومچیەتی درۆینە نەكەن و نیشتیمان نەفرۆشن و لەگەندەڵی نەگلابن و پابەندبن بەشناس و ئاینی گەلەكەیان و خەمەكانی هاوڵاتی دەنگدەری بازنەكەیان هەڵگرن و نوێنەرێكی دروست و وەكیلێكی ئەمین بن..

ئەبێ لەو كەسانە بن كە پابەند ئەبن بە بەڵێنەكانیانەوە و لەگەڵ خودا و خەڵقی خودا راست ئەكەن..

هاوڵاتیانی سەربڵند:

+ پرۆسەی هەڵبژاردن باشترین بەرهەمی عەقڵی مرۆڤەو تاكە بژاردەی مەشروع و شارستانی و گونجاوە بۆ دیاریكردنی نوێنەرانی خەڵك لەسەنتەری بڕیارو یاسادانان و ئیدارەی وڵاتدا..

بۆیە نەكەن بەپاساوی گلەیی و بێ زاری بایكۆت بكەن و لەداخی نادادی و ستەم و گەندەڵی و قۆرخكاری دەسەڵات،نەچن بۆ سەر سندوقی هەڵبژاردن، چونكە بەوە لە مافێكی یاسایی خۆتان مەحروم ئەكەن و لەئەركێكی شەرعی خۆتان دوا ئەكەون و فرسەت بەكەسانی نەشارەزاو لێ نەهاتوو ئەدەن نوێنەرایەتیتان بكات..

+ یەكێك لەپیلانی گەندەڵكاران و خەڵكە نابەرپرسەكان ئەوەیە كە هەوڵ ئەدەن هاوڵاتیان بێ هیوا بكەن لە گۆڕانكاری و دەیانەوێ مەئیوسیان بكەن لەچاكسازی و ناچار بكرێن بەڕازی بوون بە نادادی و واقعی چەقبەستوی سەقەت، هەڵبژاردن هەنگاوێكی بنەڕەتیە لەپرۆسەی گۆڕانكاری و چاكسازیدا و ئەمڕۆ بەدیلی نیە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا.

دەنگدەرانی بەرێز ...

+ ڕاستە لەبانگەشەدا قسەو گوتاری جۆراوجۆر دەكرێ و موزایەدەی زۆر هەیە و هەرلایەنەش باسی جوانی خۆی ئەكات و ناشرینی بەرانبەرەكانی دەرئەخات..

بەڵام سەلامەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و دوری لە توندوتیژی لە هەڵمەتی ئەم پرۆسەیەدا جێگای دڵخۆشیە و بایەخی خۆی هەیە. ڕكابەری و منافەسەی هەڵبژاردن سروشتیەو بەمانای ناحەزی و دوژمنایەتی نیە.. بەشەیتانكردنی یەكتر ڕەوشتێكی دواكەوتوەو سیاسەت نابێ خاڵی بكرێتەوە لەبەهاو ئەخلاق..

+ ڕۆژی 8/10 دەنگدانی تایبەت و 10/10 دەنگدانی گشتی مەراسیمی نەخشاندنی مێژوویەكی نوێ یە.. دەبێ دەنگدەران بەئیرادەو بەهیمەت و ئارامیەوە بچنەسەر سندوقەكان و گشت چاودێرو بریكاری لایەنەكان و كارمەندەكانی كۆمسیۆن و سەرجەم هاوڵاتیان بەهاوكاری یەكتر پرۆسەكە بڕازێننەوە..

+ ئێمەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هێزێكی مرۆیی و فیكری و ئەخلاقی و كۆمەڵایەتی كاریگەرو ڕەسەنی ئەم وڵاتەین.. بەقەناعەت و ئەدەبیاتی خۆمان لەسەنگەری خزمەت و خەباتداین، خۆمان بە بەختەوەر ئەزانین كە لەم پرۆسەیەدا بە پشتیوانی لەپۆلێك براو خوشكی شایان و شیاو بەشداریمان كردووە..

سەبارەت بەو شەش كاندیدە بەڕێزەی كە ئێمە پاڵپشتیان ئەكەین.. دڵنیایی ئەدەین بەجەماوەری كوردستان لەسەر دڵسۆزی و تواناو بوێری و شایستەییان..

+ كاندیدەكانمان بەدیدو قەناعەتی ئێمە شایستەیی ئەم ئەركە گەورەیان هەیە.. تەمەن و ڕابردووی ئەم بەڕێزانە شایەتە لەسەر ئەوەی كەسانێكی دەست پاك و دڵسۆزو بوێرن.. ئەركی نوێنەرایەتی و وەكالەت ئەزانن و بەو پەڕی توانایانەوە داكۆكی لەمافی هاوڵاتیان ئەكەن.. خاوەنی بیروباوەڕن و داكۆكی لەئاین و شناسی گەلەكەیان و بەرگری لە مافە دەستوریەكانی هەرێمەكەیان ئەكەن.. بەدور لە هەڵاو چەواشەكاری مامەڵە لەگەڵ نوقسانی و ناشیرینیەكانی بەرانبەرەكانیان ئەكەن.. ڕێگری لە مونكەرو بەرگری لە مەعروف ئەكەن بە ئەدەبیات و ڕەوشتێكی شارستانی و مەشروع.. سەقامگیری ئەمنی و حوكمی ڕەشید و گەشەی ئابوری وڵات و دادگەری و خزمەتگوزاری و ئازادیەكان ئامانجیانەو هەرگیز لەگەڵ پشێوی نانەوەو تێكدان و گشتاندن نین و دژن بە گەندەڵی و پیس خۆری و نادادی.. حەرامخۆری و گەندەڵی بەنەخۆشی ئەزانن و قۆرغكاری ئیداری و ئابوری بە تاوان ئەناسن و پێشلكردنی مافی مرۆڤ و ئازادیەكان بەدەردێكی كوشندە ئەبینن، پەروەردەی مەدرەسەی یەكگرتوون و پەیڕەوی ڕەوتی ئیصلاح و چاكسازین..

بۆیە داواكارم لەئەندام ولایەنگرانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەتایبەت و جەماوەری ئیسلامخوازو ئیصلاح خوازو دڵسۆزی گەل و وڵات بەتێكڕا ئەم هەڵبژاردنە ڕۆژی 10/10 بكەینە كەرنەڤاڵی بەرەو چاكسازی ڕاستەقینەو گۆڕانكاری ڕیشەیی و سەقامگیری سیاسی و ئابوری..

هیوادارم گشت هاوڵاتیان و دەنگدەرانی ئازیز بەگوڕو تینەوە بەرەو سندوقی هەڵبژاردن بڕۆن و دەنگ بەكەسانی شارەزاو بوێرو ئەمین بدەن.. شایەتی خۆتان بەئەمانەتەوە لەسەر كاندیدەكان بدەن و ویژدانتان ئاسودە بكەن..

خودای میهرەبان خەلًَك و خاكی نیشتیمان و وڵاتی عێراق و سەرجەم مرۆڤایەتی لەبەڵاو كێشەو گرفت و قەیران بپارێزێ..
والسلام علیكم ورحمە الله


PM:11:28:05/10/2021