ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان پشتگیری خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی عیراق راگەیاند

لە بارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ١٢ وڵات بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دەڵێن" ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ده‌نگده‌رانی عێراق بۆ دیاریكردنی ئاینده‌ی خۆیان". 

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی هاوبەشدا وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی (ئه‌مریكا، بەریتانیا، ئوسترالیا، كه‌نه‌دا، دانیمارك، فینلاند، ئه‌ڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵندا، نیوزله‌ندا، نه‌رویج و سوید) رایانگه‌یاند" پێشوازی له‌هه‌نگاوه‌كان ده‌كه‌ن بۆ ئاماده‌كاری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ده‌نگده‌رانی عێراق به‌مه‌به‌ستی دیاریكردنی ئاینده‌ی خۆیان به‌ شێوه‌یه‌كی دیموكراسیانه‌، له‌ئێستادا ئێمه‌ گرنگییه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ ئه‌م كاته‌ مێژوییه‌ی عێراق به‌تایبه‌ت بۆ خواست و داواكاریه‌كان به‌ئامانجی به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد و دادپه‌روه‌رانه‌". 

ئەوەشیان خستەڕوو: لە گرنگى ئەم ساتە مێژوییە تێدەگەین لە مێژوى عیراقدا، بۆیە بۆ وەڵامدانەوەى داواکارییەکانى گەلى عیراق  پشتیوانییەکى گەورەى عیراق کرا بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنی پێشوەختە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسیان لەوەشکردووە: هاوڵاتییانى عیراق هەلێکیان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەى مافى سەرەتایى خۆیان بەکاربهێنن کە بریتیە لەمافى دەنگدان، وە ئێمەش پشتیوانى هەوڵەکانى حکومەتى عیراق دەکەین بۆ رەخساندنى کەشێکى ئارام و ئازاد و دادپەروەرانە بۆ هەموو عیراقییەکان بە تایبەتى ئەو ژن و لاوانەى کە لە ئەنجامى هەوڵەکانیان بۆ ئەنجامدانى چاکسازى رووبەڕووى توندوتیژى بوونەوە.

هەروەها جەختیشیان كردۆتەوە، پشتیوانى هەوڵەکانى حکومەتى عیراق دەکەین بۆ بەشداریکردنى ئاوارەکان لەهەڵبژاردندا، داواش لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین رێز لەسەروەرى یاسا و پاک و بێگەردى هەڵبژاردن بگرن. 


PM:07:31:06/10/2021