ئێران: چەندینجار "دۆستانە" بە بارزانیمان وتووە نابێت لەدەستور لابدات

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت چەندین جار دۆستانە بە مەسعود بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانیمان وتووە كە لادان لە دەستوری عێراق بە قازانجی كەس نیە.

یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری وڵاتانی عەرەبی‌و ئەفریقا لە لێدوانێكدا دەڵێت "فیتنە"ی دابەشكردنی عێراق پیلانە ئیسراییلە‌و وتی: هەرگیز رێگە نادەین ئەم خەونەی نتانیاهو لەمبارەوە بێتەدی.

حسێن ئەمیر عەبدوڵاییان وتی: لەبیرمان ناچێتەوە كە لە رۆژانی رابردودا تەنیا كەسێك كە بەخۆشحاڵییەكی زۆرەوە پێشوازیی لە سەربەخۆیی كوردستان كردوە، نتانیاهو بووە.

وتیشی: ئێمە دۆستانە‌و راشكاوانە بە سەركردەكانی كورد، بە مەسعود بارزانی‌و نیچیرڤان بارزانیمان وتووە كە لادان لەدەستوی پێشكەوتووی عێراق‌و زیادەخوازیی لەوە كە لەسیستمی فیدراڵی عێراقدا لە دەستور هاتووە، بە قازانجی هیچ لایەنێك نیە.

پاش هاتنەگۆڕێی قسەوباسەكانی ریفراندۆم‌و سەربەخۆی هەرێمی كوردستان‌و پشتگیری بنیامین نتانیاهو سەرۆك وەزیرانی ئیسراییل لەم پرسە، لەماوەی رۆژانی رابردوو بەرپرسان‌و میدیا‌و ئیمامانی جومعەی ئێران بە توندی دژی ئەو خواستە دەوستنەوە‌و لێدوانی توند دەدەن.



PM:02:46:07/07/2014