یەكگرتووی ئیسلامی: هەوڵی گۆڕانكاری هەیە بۆ تێكدانی نەزاهەتی هەڵبژاردن

بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە ژمارەی کورسییەکانی کەمی کردبێت، ئەو دەنگۆیانە بە جەنگی دەرونی دژ بە حیزبەکەی وەسف دەکات.

محەمەد ئەحمەد بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئەوە ڕاست نیە کە ئێمە کورسییەکمان لە دهۆک لەدەستداوە ئەوە هەمووی جەنگی دەرونی و چەواشەکارییە بەرامبەرمان دەکرێث، زیاتر لە ڕاگەیاندنەکانەوە باس دەکرێت، چونکە هێشتا زۆری ماوە ئەنجامە کۆتاییەکان ئەوەی ڕادەگەیەنرێت ڕاگەیاندنی نافەرمی و جوزئیە لە کۆمسیۆنەوە، ئێمە دڵنیاین لە کورسییەکانی خۆمان". 

جەختیشیکردەوە: ڕاستە هەوڵی گۆڕانکاری هەیە بۆ تێکدانی نەزاهەتی هەڵبژاردن، بەڵام بڕوا ناکەم بەو شێوەیە بێت کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە باس دەکرێت، ڕێگە نادەین ئەو هەوڵانە سەر بگرێت، ئێمە بەپێی ئەو دەنگ و داتایانەی هەمانە بەڵێ چوار کورسیمان هەیە. 

محەمەد ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو: لەسەر ئاستی بەغداد و هەرێم لە هەوڵ و پەیوەندیداین، بۆ ئەوەی پاک و بێگەردی پڕۆسەی هەڵبژاردن بپارێزرێت کە لە سەرەتاوە بەوجۆرە بوو.

جەختیشیکردەوە: هەموو ڕێگایەکی یاسایی و شارستانی سیاسی دەگرینەبەر بۆ پاراستنی دەنگەکانمان، بێدەنگ نابین لە یەک دەنگ، هەموو داتاکانمان کۆکردۆتەوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی و سیاسی و شارستانی.


AM:10:24:14/10/2021