سوپای ئوردون هێرش دەكاتەسەر كوردانی رۆژهەڵات

شەوی رابردوو هێزێكی چەكداری سوپای ئوردون بە دەبابەوە هێرش دەكاتەسەر كوردە ئاوارەكانی رۆژهەڵات لەسنوری نێوان عێراق‌و ئورودن‌و دەروازەی سنوریی عێراقیش كۆنترۆڵ دەكات.

لەمبارەیەوە خەبات محەمەدی، یەكێك لەو كوردانەی رۆژهەڵات بە سپی میدیای رایگەیاند: پاش زۆربوونی مەترسییەكانی داعش، پاش نیوەرۆی دوێنێ دوشەممە لەلایەن سوپای عێراقەوە بۆ بۆشایی سنوریی نێوان ئوردۆن‌و عێراق لەنزیك ترێبیل بەڕێكراین كە ناوچەیەكی ئەمنە، بەڵام پاش كاتژمێر 12 شەوی رابردوو هێزێكی ئوردونی بە دەبابە‌و چەكی قورسەوە هاتنەسەرمان‌و بە توندی هەڵسوكەوتیان لەگەڵ كردین‌و پاش ئەوەی دەستیان بەسەر خێمە‌و سیاج‌و كەلوپەلەكانماندا گرت رەوانەی سنوری عێراقیان كردینەوە.

وتیشی: لەئێستادا سوپای ئورودن دەستی بەسەر دەروازەی سنوری عێراق لەو ناوچەیە گرتووە‌و وەك ناوچەی شەڕ تەعامولی لەگەڵدا دەكات.

خەبات وتی: ئێمە نزیكەی 100 كەس دەبین كە زۆربەیان ژن‌و منداڵن‌و ئێستا لە دۆخێكی زۆر دژواردا دەژین‌و لە ناوچەیەكداین كە ئەگەری هێرشی داعشمان لەسەرە‌و ژیانمان لەمەترسیدایە.

خەبات محەمەدی داواشی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد لە رێگەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ‌و حكومەتی ئوردون هەیانە هەوڵبدەن حكومەتی ئورودنی ئەوان بگرێتەخۆی‌و پەنایان بدات.
كوردانی رۆژئاوای سنوری ئوردون سوریا پێشتر لە كەمپی وەلید نیشتەجێكرابوون كە لەترسی هێزەكانی داعش بەرەو ناوچەی رەتەبە‌و ترێبیل گوازرانەوە.



AM:09:31:08/07/2014