هەوڵێک لە ئارادایە بۆ کۆبوونەوەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی

سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، فەرید ئەسەسەرد رایگەیاند" نەخشە ڕێگەیەکیان بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان هەیە و کە لە هەوڵداین بەم نزیکانە هاوسەرۆکان کۆببنەوە".

لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی کەناڵی "رووداو"، کە تایبەت بوو بە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی و ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکهێنانی کابینەی نوێ، فەرید ئەسەسەرد وتی" کێشەی نێوان هاوسەرۆکان کێشەیەکە ناتوانین نکۆڵی لێبکەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە چارەسەری ئەو کێشەیە دەکەین و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆش بە دڵنیاییەوە باسی ئەو کێشەیە کرا و نەخشەڕێگەیەکیشمان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هەیە."  
 
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی " لە داهاتوویەکی نزیکدا هەوڵی یەکدی بینینی هاوسەرۆکان بژاردەیەکە و هەوڵی ئەوە دەدەین ئەوە بێتەدی."  

فەرید ئەسەسەرد وتیشی "ئەم دانیشتنە دەبێت بکرێت و بەرنامەکە ئەوەیە دەبێت ئەو دوو جوامێرە دابنیشن و چارەسەری کێشەکانیان بکەن، دەمانەوێت کێشەی نێوانیان کۆتایی پێبێت. هەوڵێکی جیدییش هەیە بۆ چارەسەری کێشەکانیان و هانمانداون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان".

فەرید ئەسەسەرد وتیشی "بە کێشەیەکی گەورەوە چووینە نێو هەڵبژاردن، ئێمە بە هەموو توانای خۆمان توانیمان ئەو ئەنجامە بەدەستبهێنین، چونکە ئەگەر ئەو کێشەیە نەبوایە رەنگە ١٠ کورسی دیکەشمان بەدەستهێنابایە، ئەگەر ئەو کێشانەش نەبوایە ئەنجامی باشترمان بەدەستدەهێنا."  

سەبارەت بەوەی کە ئەوان پێشبینی ئەوە دەکەن لاهوور شێخ جەنگی لە یەکێتی جیاببێتەوە و لیستێک بۆخۆی دروست بکات، فەرید ئەسەسەرد دەڵێت "ئێستا ناتوانین پێشبینی ئەوە بکەین، بەڵام لە کاتی دروستبوونی کێشە هەر لایەنێک چەند بژاردەیەکی لە پێش دەبێت و کامیان هەڵدەبژێرێت پەیوەندی بە خۆیەوە دەبێت، بەڵام ئێستا هەوڵدەدەین بگەینە رێککەوتنێک کە چارەسەرێکی بنەڕەتی بێت و کێشەی لێنەکەوێتەوە."  

دەربارەی کێشەی ژەهرخواردنکردن بافڵ تاڵەبانی و بەمدوایەش چەند بەرپرسێکی تری یەکێتی، فەرید ئەسەسەرد وتی "ئەوە دەبێت لیژنەی بۆ دابنرێت و راپۆرتی دەوێت، دواتر دەبێت بڕیار لەسەر ئەوە بدەین، ئەوەش کەیسێکە پەیوەندی بە یاسا و پسپۆڕان و پزیشکانەوە هەیە. دوای ئەوەی راپۆرتەکان تەواودەبن ئینجا ئەوە یەکلایی دەبێتەوە."   



PM:10:29:19/10/2021