دوای ئازادکردنی، پەرلەمانتارێکی هەدەپە داوای یاسایی لەسەر ٣ دادوەرو ٢٣ پارێزەر تۆمار دەکات


پەرلەمانتاری هەدەپە عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغلۆ بە فەرمی داوای یاسایی لەسەر ٢٣ پارێزەر و سێ دادوەر تۆمار کردووەو تۆمەتباریشی کردوون بەوەی كاتێك لە زیندان بووە، ئەوان مافی قسەكردنیان پێی نەداوە و دەریان كردووە و سووكایەتییان پێی كردووە.
 
گەرگەرلیئۆغلۆ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (میزۆپۆتامیا) دەڵێت " ئەم رەفتارە ناشیرینەی ئەو دادوەر و پارێزەرانە تەنیا لەگەڵ مندا نەبوو، بەڵكوو لەگەڵ سیاسییەكانی تریش هەر وا بوون، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە هەدەپە بوون، بۆیە داوای مافی خۆم دەكەم و داوای یاساییم تۆمار كردووە".

گەرگەرلیئۆغلۆ ئەوەشی خستەڕوو، دادوەر و پارێزەرەكان، جنێوی زۆر ناشیرین بە سزادراوان دەدەن، جگە لەوەش رۆژانە سووكایەتییان پێ دەكەن.

هەروەها وتیشی " ئەوەی لە زیندان لەلایەن ئەوانەوە بەرانبەر بە من كراوە، لە هیچ وڵاتێكی دونیا بەرانبەر بە كەس نەكراوە، بۆیە لە دەرگای هەموو شوێنێك دەدەم تا ئەوان بە سزای خۆیان بگەن، چونكە ئەوان سووكایەتییان بە ٨٣ ملیۆن هاووڵاتی لە توركیا كردووە".
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغلۆ دوای حوکمی زیندانیکردنی، دادگا تێهەڵچوونەوەی ئەو وڵاتە حوکمەکەی هەڵوەشاندەوە.



PM:12:15:23/10/2021