دوو ژن و پیاوێکی تۆمەتبار رادەستی بەغدا دەکرێنەوە

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند سێ تۆمەتباری داواکراویان دەستگیرکردووە کە لە دادگاکانی بەغدا فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان رایگەیاند " مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچناری سەر بەبەشی پۆلیسی ناوشار – ڕۆژئاوا ، سێ‌ تۆمەتباریان دەستگیركرد كە فەرمانی گرتنیان هەبووە لەدادگای استیٔنافی بغداد –رصافە" .

لە راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی دا هاتووە " دوای ئەوەی فەرمانی گرتنی سێ‌ تۆمەتبار لە دادگای بەغداوە گەیشتە پۆلیسی سلێمانی كە گومانیان دەكرد ئەو تۆمەتبارانە بەرەو شاری سلێمانی هەڵاتبن، دوای لێكۆڵینەوەكان توانرا تۆمەتباران بدۆزرێنەوەو لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەرچنارەوە دەستگیربكرێن".

ئەو سێ تۆمەتبارە کە دوانیان ژنن، بڕی ١٥ ملیۆن دیناری عیراقی و بڕێك ئاڵتونیان دزیووە .

ئەو سێ تۆمەتبارە کە دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٤٤ لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و دوای تەواوكردنی ڕێكارەیاساییەكان ڕەوانەی بەغدا دەكرێنەوە. 



PM:04:49:24/10/2021