یەکێتی: دۆخی تەندروستی کۆسرەت رەسوڵ جێگیرە

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دۆخی تەندروستیی كۆسرەت ڕەسوڵ باشە و ئەو هەواڵانەی لەبارەیەوە بڵاودەكرێنەوە دوورن لە ڕاستییەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەواڵی کۆچی دوایی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چەند پەیج و میدیایەك بڵاوبووەوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، "ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە.”

وتیشی، "دۆخی تەندروستیی كۆسرەت ڕەسوڵ زۆرباشە”.

هاوكات دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ كارگێری مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، وەكو وەڵامێك بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵانە لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك نووسیویەتی، "کاکی هەموومان تەمەن درێژبی و هەر بمێنی بۆ کورد و کوردستان ئەی چقڵی چاوی دوژمنان”.

ماڵپەڕی سپی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەواڵی چوونی کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکی ئەنجومەنی بالآی سیاسی یەکێتیان بۆ دەرەوەی ولآت بۆ چارەسەر بڵاوکردەوە.



PM:06:50:24/10/2021