سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ کونسوڵى نوێی ئوردن کۆبووەوە

ئەمڕۆ سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە فوئاد ئەلمەجالى، کونسوڵى نوێی شانشینى ئوردنی هاشمى لە هەرێمی کوردستان کرد، لە کۆبوونەوەکەدا هەڵبژاردنەکانى عێراق و هەوڵەکان بۆ دامەزراندنى حکومەتى داهاتووى فیدراڵ تاوتوێ کرا. 

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" بەیانی ئەمڕۆ دوشەممە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە فوئاد ئەلمەجالى، کونسولى گشتیى تازەى شانشینى ئوردنیى هاشمى لە هەرێمى کوردستان کرد، لە دیدارێکدا نێچیرڤان بارزانى، وێڕای پیرۆزباییى دەستبەکاربون و هیواى سەرکەوتن، پشتیوانى بۆ سەرکەوتنى کار و ئەرکەکانى دەربڕى، هەروەها سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ پشتگیریى بەردەوامى شا عەبدوڵلاى دوەم شاى ئوردن لە کاتە سەختەکاندا، دوپاتکردەوە، لاى خۆیەوە کونسولى گشتیى ئوردن وێڕاى دەربڕینى خۆشحاڵى بە دەستبەکاربونى، دوپاتیکردەوە، کە بە پەرۆشییەوە بۆ کارکردن لەگەڵ دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان و بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکان دەڕوانێت". 

ئاماژە بەوەشکراوە، هەردولا هاوڕابون کە پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و ئوردن مێژویین و بەهاى هاوبەش کۆیاندەکاتەوە و دەرفەتى فراوانکردنى بوارەکانى پەیوەندى و هاریکاریى هاوبەشیان زیاترە کە سودى بۆ هەرێمى کوردستان، عیراق و ئوردن دەبێت.

لەراگەیەنراوەکەدا هاتوە" هەڵبژاردنەکانى عێراق، هەوڵەکان بۆ دامەزراندنى حکومەتى داهاتوى فیدراڵ، پەتاى کۆڤید_19 و لێکەوتەکانى، پرۆسەى کوتان بە ڤاکسینى دژە پەتاکە، کار و چالاکیى ڕەوەندى ئوردنى لە هەرێمى کوردستان و پرسى سەقامگیرى لە ئوردن و عیراق و ناوچەکە بەگشتى، چەند تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بون". 


PM:01:06:25/10/2021