باڵیۆزی ئێران لە بەغداد: ڤیزای نێوان ئێران و عێراق هەڵگیرا

باڵیۆزی ئێران لە بەغداد لەسەر پرسی هەڵگرتنی ڤیزای نێوان عێراق و ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" هاوڵاتییانی ئێرانی و عیراقی دەتوانن لە رێگەی ئاسمانییەوە بەبێ ڤیزا گەشت بکەن". 

ئیرەج مەسجدی بالێۆزی ئێران لە بەغداد لە تویتێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هاوڵاتییانی عیراق ئاگادار دەکاتەوە، کە لە ئەمڕۆ دەتوانن بەبێ وەرگرتنی ڤیزا و بە پاسپۆرتی دروست و بڕوانامەی دروستی پزیشکی لە ڕیگەی ئاسمانەوە بەرەو ئێران گەشت بکەن. 

ئەوەشی خستەڕوو: هاوڵاتیانی ئێرانیش بەهەمان شێوە ده‌توانن به‌بێ وه‌رگرتنی ڤیزا و به‌ بوونی پاسپۆرتی دروست و بڕوانامه‌ی پزیشكی سه‌ردانی عێراق بكه‌ن، بەڵام بە مەرجى جێبەجێکردنى رێکارە تەندروستییەکان.

ڕۆژی ١٢ی مانگی ڕابردوو ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا كە لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆی ڕێكخرابوو ڕایگەیاند" لەمەودوا گەشتیارانی ئێرانی و عێراقی پێویستییان بە ڤیزا نابێت بۆ گەشتکردن لە نێوان هەردوو وڵات". 


PM:06:01:25/10/2021