ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆک کۆماری عیراق و لایەنە ناڕازییەکان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕاگەیەندرا

سەرۆک کۆماری عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ لایەنە ناڕازییەکان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کۆبوەوە و رایگەیاند" پێویست دەکات ناڕەزاییەکان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن بەپێی یاسا و رێساکانی هەڵبژاردن بێت و لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکانیش پێویستە بەدواداچون بۆ سکاڵاکان بکەن". 

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە  لە کۆشکی بەغداد میوانداری کۆبونەوەیەکی کرد بە بەشداری دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و ژمارەیەک لە سەرکردە و نوێنەرانی هێزە و لایەنە سیاسییەکان، و سەبارەت بە دۆخی گشتی وڵات و هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەکەم گفتوگۆکراوە.

ئەوەش هاتووە" ئامادەبوانی کۆبونەوەکە جەختیانکردەوە لە پێویستی یەکخستنی یەکڕیزی و یەکدەنگی و برەودان بە گیانی برایەتی و سازان و یەکتێگەیشتنی نیشتمانی لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات و بەھێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی و زاڵکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و گرتنەبەری چوارچێوەی دیموکراسی بۆ پاراستن و پتەوکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، بە پشتبەستن بە دیالۆگ و گفتوگۆ بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە و بۆچونە جیاوازەکان".

لەبارەی داواکاری لایەنە ناڕازییەکانیش لەئەنجامەکانی هەڵبژاردن باس لەوەکراوە، لە کۆبونەوەکەدا ئاماژەکرا بە ناڕەزاییەکان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن بەپێی یاسا و رێساکانی هەڵبژاردن و دوپاتکرایەوە کە پێویستە بەدواداچونی بۆ بکرێت، ھەروەھا جەختکرایەوە پێویستە دەربڕین و مامەڵەکردن لەگەڵیدا لە چوارچێوەی یاسای و ئاشتدا بێت، ھاوکات جەخت لەسەر رۆڵی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و دەسەڵاتی دادوەری تایبەتمەند کرایەوە بۆ ئەوەی بەدواداچونی تەواو و جددیی بکات بۆ دۆسیەکە و رەچاوی هەمو سکاڵا و داواکارییەکان بکرێت، کە پێشکەش کراون لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پیشەیی و بێ لایەنی و بە شەفافی وەک پێویستیەکی گرنگ بۆ بەھێزکردنی متمانە بە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق باسی لەوەشکردووە: ئامادەبوانی کۆبونەوەکە جەختیان لەگرنگی هەوڵ و کۆششی هاوبەش کردوەتەوە بە ئاڕاستەی هەنگاونان روەو بەرژەوەندی نیشتمانی و پێکهێنانی ئەنجومەنی نوێنەران کە رەنگدانەوەی ئیرادە و خواستی خەڵک بێت بۆ چاکسازی و گەشەپێدان و باشکردنی دۆخی ژیان و خزمەتگوزارییەکان، ھەروەھا پێکهێنانی حکومەتێکی کارای کاریگەر کە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بپارێزێت و وەڵامی ئاستەنگ و بەرکەوتەکان بداتەوە و دەرفەتی یەکسان بۆ هاوڵاتیان مسۆگەر بکات و ئابوری و بازرگانی و گەشەپێدان و ژێرخانی ئابوری بەرەو پێشەوە ببات.


PM:10:01:26/10/2021