شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین و هەورە بروسکە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات

شارەزایەکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات، ئەمشەو شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین و هەورە بروسکە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تا نیوەڕۆی سبەینێ دووشەممە بەردەوام دەبێت.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" پێشبینی دەکەین کاتەکانی ئەمشەو بەتایبەت دوای نیوەی شەو تا نیوەرۆی سبەی دووشەممە شەپۆلێکی دیکەی بارانبارینی پچڕ پچڕ و ھەورە بروسکە بەشێکی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە بەتایبەت بۆ ناوچەکانی سنوری پارێزگای ھەولێر و دھۆک لە ناوچە شاخاوییەکانی ھەردوو پارێزگا کاریگەری زیاتر دەبێت".   

ئاماژەی بەوەشکردووە: ھەندێک کات بارانەکە بەخوڕ دەبێت و ھەورە بروسکەی لەگەڵدا دەبێت و رێژەی بارانبارین لەنێوان ٥ تا ١٥ ملیمەتر پێشبینی دەکرێت. 

ئەوەشی خستووەتەڕوو: کاریگەری بەگشتی لە سەر ناوچەکانی دیکەی ھەرێم لاواز دەبێت بە شێوەی نمە باران بۆ بارانێکی کەم و مامناوەند لەھەندێ ناوچەی سنوری پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و ئیدارەی راپەرین بەرێژەی ٠.٥ بۆ ٣ ملیمەتر ئەگەری بارانبارین دەبێت، هەروەها لەناوچەکانی گەرمیان و پارێزگای ھەڵەبجە کەش ئاسای دەبێت و کاریگەری نابێت.  

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاراس جەبار پێشبینیش دەکات، کە ئەم شەپۆلە بارانبارینە تا نیوەرۆی سبەی دووشەمە ناوبەناو بەردەوامی دەبێت دواتر کەش ئاسایی دەبێتەوە و ئاسمانی ناوچەکە بە نیمچە ھەوری دەمێنێتەوە و پلەکانی گەرماش جێگیر دەبێت و گۆرانکاری بەسەردا نایەت.


PM:05:57:31/10/2021