لە لافاوەکەی هەولێر ٥٠٠ خێزان تەواوی ماڵ و کەلوپەلەکانیان لەناوچوون

پارێزگاری هەولێر رایگەیانە" لە لافاوەکەی شەممە ٣٠ ی تشرینی یەکەم ٥٠٠ خێزان کەلوپەلەکانیان بەتەواوی لە ناوچوون و ١٣٠ ئۆتۆمبیل ئاو بردوونی.

دەقی راگەیاندراوی پارێزگای هەولێر..

ڕاگەیندراوێک لە نووسینگەی پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بە زەرەر و زیانەکانی لافاوەکەی هەولێر

دوای ئەوەی ڕۆژی شەمە ٢٠٢١/١٠/٣٠، بەهۆی بارینی شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ لافاو له‌ بەشێکی شاری هەولێر ڕوویدا، لەسەر فەرمان و راسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پارێزگای هەولێر لێژنەیەک لە بەرێوەبەرایەتی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی پارێزگا، بەرگری شارستانی، دەزگای خێرخوازی بارزانی، لقی هەولێری کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی پێکهێنرا بۆ زانین و دەرخستنی ڕێژەی ئەو زیانانەی کە بەهۆی لافاوەکەوە بەر هاوڵاتییان کەوتووە، دەرەنجام زەرەر و زیانەکان بەمشێوەیەی لای خوارە دیاریکران:- 

یەکەم/ ٥٠٠ خێزان، ناوماڵ و کەلوپەلەکانیان بەتەواوتی له‌ناوچوون
دووه‌م/ ١٣٠ ئۆتومبێل بەر لافاو کەوت و لەکار کەوتوون
سێیەم/ ١٢٧ خانوو زیانیان بەرکەوت
چوارەم/ ٢ قوتابخانە و چەند پڕۆژەیەکی دروستکردنی شەقام و تۆڕکانی کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆکان زیانیانی زۆریان بەرکەوتووە
پێنجەم/ سوپاس بۆ خودای گەورە کە هیچ زیانێکی گیانی نەبوو
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر


PM:06:31:01/11/2021