لاهور جەنگی: یەکێتی نوێ هیچ پرس و ستراتیژێکی نییە


لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لە پەیامێکی نوێیدا دەڵێت" یەکێتیی نوێ خاڵی کراوەتەوە لە ستراتیژ و بەرنامە و پرۆژە، ئێستا یەکێتیی خاوەنی هیچ پرس و ستراتیژ و گوتار و پرۆژەیەک نییە!".

لاهوری شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی کە لە ٨ ی تەموزەوە ناکۆکی قوڵەکانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیدا تەقییەوە، لە نوێترین پەیامی دا کە ئەمشەو سێ شەممە بڵاویکردەوە، پێیوایە، یەکێتییەکەمان لەم هەڵبژاردنەدا پاشەکشەی کردووەو دەنگەکانی بە ڕێژەیەکی زۆر کەمیکردو دەڵێت" بەداخەوە بە دەستی ئەنقەست وایان لە حزبی شەهیدان کرد".

لە درێژەی پەیامەکەیدا کە ڤیدیۆییە، لاهور جەنگی، لەبارەی تۆمەتبارکردنی بە ژەهرخواردووکردنی بافڵ تاڵەبانییەوە، بەبێ ئەوەی ناوی ژەهرخواردن بهێنێ، دەڵێت" پێویستە لەسەر هەمووان، کە درک بە مەترسییەکانی قۆناغەکە بکەن و بە ئەرکی یەکێتییانەی خۆیان هەستن، چیتر ئەم دۆخە چەقبەستووە قبووڵ نەکەن و دوورکەونەوە لە تۆمەت و تۆمەتبەخشینەوە بۆ یەکتری خۆ ئەگەر کێشەیەکی حزبی هەیە دەبێت لە ڕێگەی ئۆرگانە ڕەسمییەکانی حزبەوە چارەسەر بکرێن، ئەگەر کێشەکانیش یاسایین، پێش ئەوەی هیچ کەس و لایەنێک تۆمەتبار بکرێت و مانشێتی ڕۆژنامەی نەیارەکانمانی پێ بڕازێنینەوە دەبێت لە ڕێگەی دادگاوە یەکلایی بکرێتەوە".

پەیامی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و کێشەکانی ناوخۆی یەکێتیی:

بە ناوی خوای گەورە و مهیرەبان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
ئاشکرایە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ بەڕێوەچوو، سەرەڕای هەموو تێبینییەکان، ئەم هەڵبژاردنەش ئەزموونێكی تری خستە سەر پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە عێراق، بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە دەکەم، کە بەشداربوون لە سەرخستنی پڕۆسەکەدا.
پیرۆزبایی لە کاندیدە هەڵبژێردراوەکان دەکەم، داواکارم بتوانن لە ئاست ئەو متمانەیەدا بن کە پێیان بەخشراوە، چاودێرێکی وردبن بەسەر حکومەتەوە، بە تایبەت پارلەمانتارانی گەلی کورد یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن بەرامبەر بە بەدەستهێنانی مافە نیشتمانییەکان، کار بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بکەن و چاویان لەسەر کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان بێت و هەوڵی بەدەستهێنانی تەواوی مافە دەستورییەکانی کوردستان بدەن، چونکە ئەم خولە خولی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقە و هەڕەشە و مەترسییەکان لەسەر قەوارەی دەستووریی هەرێم زیاترن وەک لە پێشتر. 
وەک بینیمان لەم هەڵبژاردنەدا پرۆسەی دەنگدان و جۆش و خرۆشی دەنگدەران لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستاندا لە ئاستی پێویستدا نەبوو، کەلێنێکی گەورە لە نێوان هاووڵاتییان و سیستمی سیاسیی و حوکمڕانیدا دروست بوو، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامیی دیاردەی گەندەڵی و نەبوونی ئیرادەیەکی ڕاستەقینە بۆ چاکسازیی و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری لەنێو گەنجان و پاشەکشەی سەرجەم کەرتەکان، بە تایبەت تەندروستی و پەروەردە، ناعەدالەتی لە دابەشکردنی داهات و دەستوەردانی مەترسیدار لە دەسەڵاتی دادوەری، جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربرین و ڕاگەیاندن و گرتن و زیندانیکردنی بە ناهەقی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و چەندین نادادیی تر، بەشێکن لەو هۆکارانەی، کە وایکرد هاووڵاتییان ناڕازی بن و متمانەیان بەم دەسەڵات و سیستمە سیاسییە نەمێنێت بە سەرجەم پێکهاتە و ڕەگەزەکانییەوە.
بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە دەسەڵاتدارەکان لە ئاست ئەو زەنگە مەترسیدارەی هاووڵاتییان خەمساردن، ئەوەتا لە دوای هەڵبژاردن، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و گرانبوونی خۆراک و پێداویستییەکانی تری ڕۆژانە گوزەرانی هاووڵاتییانی قورستر کردووە، ئەمە سەرەڕای دواکەوتنی مووچە و نەدانی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و بێئومێدبوون لە چاکبوون و سەرهەڵدانی کۆچی بە لێشاوی گەنجان.
هەڤاڵانی دڵسۆزی یەکێتیی
یەکێتییەکەمان لەم هەڵبژاردنەدا پاشەکشەی کرد و دەنگەکانی بە ڕێژەیەکی زۆر کەمیکرد، بەداخەوە بە دەستی ئەنقەست وایان لە حزبی شەهیدان کرد.
دەمەوێت بزانن کە پێشتر بڕیارم دابوو کێشەکان بەلاوە بنێم و بەشداریی بانگەشەی هەڵبژاردن بکەم، بەڵام بەداخەوە کەسانێک، کە داواکاری و هەڵوێستی دەیان هەزار ئەندام و کادری حزبەکەشیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەبەرچاو نەگرت، بەربەستیان دروست کرد.
ئێمە ئەو کاتەی هاوپەیمانی کوردستانمان پێکهێنا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و لێکتێگەیشتنمان کرد لەگەڵ لایەنەکانی تر بۆ ئەوەی دەنگێکی بەهێز و یەکگرتوو بین لە بەغدا، بە پشتبەستن بە جەماوەرەکەمان پێشبینی ئەوەمان دەکرد، کە زۆرترین دەنگ و کورسیی پارلەمان بەدەستبهێنین و نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بکەین، بەڵام نەیارانی کوردستان و یەکێتیی بەمە نیگەران بوون، هەر بۆیە دەستیان کرد بە پیلانگێڕی و هەموو هەوڵێکیان دا بۆ تێکشکاندنی ئەو هاوپەیمانێتییە و درزیان خستە ناو ڕیزەکانمان بە مەبەستی لێدان لەو هێڵە نیشتمانییەی کە لە ناوخۆی یەکێتییدا ئەمەی لە ئەستۆ گرتبوو.
گەر ئەو پیلانگێڕییانەش بەردەوامبن و عینادیی سیاسی درێژەی پێبدرێت، دڵنیابن ڕێبەرایەتی بۆ حکومدارییەکی تەندروست و عەدالەتی کۆمەڵایەتی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پارلەمانی کوردستان دەبێتە خەونێکی شاعیرانە، چونکە هەموومان باش دەزانین لایەنێک لە کوردستان، کە ڕێگری لە چاکسازیی دەکات و سەرجەم دامەزراوەکانی بێ ئەرزش کردووە و دەستی بەسەر سامانی ئەم هەرێمەدا گرتووە و بووەتە بارگرانی و نەهامەتی بۆ ئەم میللەتە، لە هەڵبژاردنەکانیشدا بە دەنگی تەزویر خۆی دەکاتەوە بە زۆرینە و لە سایەی ئەجێندای ئیقلیمیدا بە ویستی خۆی یاری بە چارەنووسی گەلەکەمان دەکات.
ئەندام و کادر و لایەنگرانی دڵسۆزی یەکێتیی، من دەزانم ئێوە نیگەرانن بەم دۆخە و چاوتان لەسەر حزبەکەتانە و هەست بە مەترسییەکان دەکەن، چونکە ئێستا سەرجەم پرۆژەکانی یەکێتیی لە گوتار، و ستراتیژ، و کارکردنی لە پرسی دەستوور، و لامەرکەزی، و ڕێبەرایەتی یەکێتیی لە پەرلەمان و تەنانەت لە سەرجەم کایە حکومییەکاندا مساوەمەی پێکراوە، ئێستا پرسیاری جدی کە پێویستە بکرێت ئەوەیە: یەکێتیی بۆ بوونی هەیە؟ یەکێتیی نوێ خاڵی کراوەتەوە لە ستراتیژ و بەرنامە و پرۆژە، ئێستا یەکێتیی خاوەنی هیچ پرس و ستراتیژ و گوتار و پرۆژەیەک نییە! دڵنیام کە ئێوەش درکتان پێکردووە و ڕۆژانە لە مەکتەب و کۆمیتە و مەڵبەندەکان، قسەی لەسەر ئەکەن، بەڵام نابێت بی ئومێدبن چونکە ئەم قۆناغەش بە هیمەتی دڵسۆزان تێدەپەڕێت و ئێستاش دەرفەت ماوە و درەنگ نییە بۆ ئەوەی بە حەکیمانە کێشەکان چارەسەر بکەین.
هەر بۆیە داواکارم ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک باڵاترین ئۆرگانی نێوان دوو کۆنگرە بە ئەرکی پەیڕەوی خۆی هەستێت و بەزووترین کات کۆببێتەوە، بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ دەربازبوون لەم دۆخە و چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان و هێنانەوەی یەکێتیی بۆ سەر ڕاستەڕێگای سیاسەتکردن و بەدیهێنانی ئامانجەکان، تا لەوە زیاتر ئەندام و کادر و لایەنگرەکانمان ئازار نەدرێن و سەرکووت نەکرێن و چارەنووسی حزبەکەش، کە چارەنووسی میللەتێکە، ڕووبەڕووی مەترسی نەکرێتەوە.
هەڤاڵان:
ئەگەر ئەم دۆخەی ناو یەکێتیی بەم جۆرە بمێنێتەوە، دڵنیاتان دەکەم نەک تەنها یەکێتیی و یەکێتییەکان، بەڵکو گوزەران و قووتی خەڵک و ئاسایشی نیشتمانیی ناوچەکە دەکەوێتە مەترسییەوە، پارچەکانی تری کوردستانیش پریشکی ئاگرەکەیان بەردەکەوێت.
بۆیە پێویستە لەسەر هەمووان، کە درک بە مەترسییەکانی قۆناغەکە بکەن و بە ئەرکی یەکێتییانەی خۆیان هەستن، چیتر ئەم دۆخە چەقبەستووە قبووڵ نەکەن و دوورکەونەوە لە تۆمەت و تۆمەتبەخشینەوە بۆ یەکتری خۆ ئەگەر کێشەیەکی حزبی هەیە دەبێت لە ڕێگەی ئۆرگانە ڕەسمییەکانی حزبەوە چارەسەر بکرێن، ئەگەر کێشەکانیش یاسایین، پێش ئەوەی هیچ کەس و لایەنێک تۆمەتبار بکرێت و مانشێتی ڕۆژنامەی نەیارەکانمانی پێ بڕازێنینەوە دەبێت لە ڕێگەی دادگاوە یەکلایی بکرێتەوە.
ئامۆژگاریی هەڤاڵانم دەکەم لەپێناو خوێنی شەهیدان، بەزەییان بە یەکێتییدا بێتەوە و چیتر لە پێناو بەرژەوەندیی تایبەتی، ناو و ناوبانگ و مێژویی سیاسی و پڕسەروەریی یەکێتیی لەکەدار نەکەن.
لە ئێستاشدا، بەرپرسیارییەتی مانەوە و گەشەکردنی یەکێتیی بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی هاوسەرۆکان و سەرکردایەتییەکەی دایە و پاراستنیشی ئەرکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتییە پشتبەست بە پەیڕەو، کە پەسەندکراوی چوارەمین کۆنگرەیە، مانەوەی کێشەکان بە هەڵپەسێردراوی بۆ یەکێتییەکەمان کوشندەیە، پێویستە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین و بە خۆماندا بچینەوە، کۆتایی بەم دۆخە سەپێندراوەی ناو حزبەکەمان بهێینن و یەکێتیی لەم هەڵدێرە ڕزگار بکەین، ئەمەش تەنها بە گیانی لێبووردەیی و هیممەت و بازووی یەکێتییانەی هەموو هەڤاڵان و دڵسۆزانی ڕێبازەکەی مام دێتەدی.
هەر شاد و سەربەرز و سەرفرازبن
لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان



PM:07:56:02/11/2021