یەكێتی: لەگەڵ پارتی رێكەوتووین كۆبوونەوەی بەردەواممان هەبێت

لەچوارچێوەی گفتوگۆی لایەنەكان لەبارەی پۆستەكانی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ئەمرۆ پارتی سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی كرد‌و لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو.

رزگار عه‌لی‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ وئەندامی لیژنەی دانوستانكاری یەكێتی لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا راگەیاند،" پێویسته‌ لەسەر بنەمای هەلبژاردن لایەنەكان بەشداریی لە ئیدارەی خۆجێیەتی‌ پارێزگاكاندا بكەن"، وتیشی : لەگەڵ پارتی رێكەوتووین كۆبوونەوەی بەردەواممان هەبێت و ناوی هیچ پۆستێكیشمان نەهێناوە.

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانان رزگار عەلی وتی: یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ڵوێستی رونبووه‌و وه‌ك چۆن پێداگیری ده‌كرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان حكومه‌تێكی یه‌كڕیزی نیشتمانی بنكه‌ فراوانبێت به‌ هه‌مان شێوه‌ بۆ حكومه‌تی خۆجێی پارێزگاكانیش هه‌مان هه‌ڵوێستمان هه‌یه‌.

راشیگەیاند، "یەكێتی‌ نه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی رابردوو نه‌ له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ی ئه‌مڕۆشدا ناوی هیچ پۆستێكی نه‌هێناوه"‌، وتیشی:
كۆبوونه‌وه‌كانی یەكێتی له‌گه‌ڵ پارتی سه‌باره‌ت به‌ حكومه‌تی خۆجێی بنكه‌ فراوان له‌ هه‌ولێر به‌رده‌وامیان ده‌بێت.

هەر لەكۆنگرە رۆژنامەوانیە هاوبەشەكەدا ئه‌حمه‌د كانی، ئه‌ندامی‌ لیژنەی‌ دانوستانكاری‌ پارتی‌،‌ وتی: وه‌ك پارتی به‌لامانه‌وه‌ گرنگه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان به‌شداری حكومه‌تی خۆجێی پارێزگای هه‌ولێر بكه‌ن، مه‌رجیش نیه‌ ئه‌و به‌شداریه‌ به‌شداری بێت له‌ پۆسته‌ باڵاكاندا بێت.

ئەوەشی راگەیاند، "ده‌بێت پارێزگای هه‌ولێر ببێته‌ بنكه‌ی ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگی خه‌ڵك."، وتیشی : سه‌ره‌تای گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ترو یه‌كێتی-ش سه‌ره‌تایه‌كی باشه‌و هه‌موومان هاوڕاین له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی بنكه‌ فراوان له‌ پارێزگای هه‌ولێر، تائێستاش نه‌چوینه‌ته‌ ناو ناوه‌ڕۆكی پۆسته‌كان، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئامانجی هه‌موومان یه‌ك ئامانجه‌ ئه‌ویش به‌شداریكردنه‌ له‌و حكومه‌ته‌ خۆجێییه‌دا.



PM:01:53:09/07/2014