سلێمانی.. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەک داوای داخستنی قوتابخانەکان دەکات

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری لە سلێمانی پێشنیازی داخستنی دەرگای قوتابخانەکان دەکات بە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم پەتایەی ئێستا بڵاوە تا ١٠ ڕۆژی تر کەم نەکات و سووک نەبێت".  

  پشدەر عەبدوڵا لە فەیسبوکی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی "ئەمە پێشنیازی تایبەتی خۆمە" و دەڵێت، "ئەگەر ئەم پەتایەی کە ئێستا بڵاوە تا ١٠ ڕۆژی تر کەم نەکات و سووک نەبێت، لام وایە پێویستە کۆمەڵێک ڕێکار بگیرێتەبەر یەکێک لەوانە ڕاگرتنی دەوامی خوێندنگاکان بێت بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ."  

پێشتر پشدەر عەبدوڵا باسی ئەوەش دەکات، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە پاڵ بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە پەتای وەرزی لەناو منداڵان، ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان توشی نەخۆشی کۆرۆنا بوون و نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی پڕ بووە. 
 
ناوبراو دەڵێت، "لە ئێستادا ڕۆژانە ژمارەکان لە زیادبووندایە، لە ڕۆژێکدا نزیکەی ٧٠ منداڵ سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە بۆ منداڵان ئەوەیە کە وەڵامی باشیان هەیە بۆ چارەسەر."  

وتیشی، "بە بەردەوامی ١٥٠ بۆ ١٧٥ منداڵ لە نەخۆشخانەکەدا هەیە."  

ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆرۆناش بەردەوامە لە هەڵکشان لە تووشبوون و گیان لە دەستدان لە سلێمانی و شارەکانی هەرێمی کوردستان.



PM:04:27:05/11/2021