ڤیدیۆ.. خۆپیشاندانەکەی بەغدا کوژراو و برینداری لێکەوتەوە
مالکی و حەکیم داوای هێورکردنەوە دەکەن

لە خۆپیشاندانەکەی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بەردەم ناوچەی سەوز لە بەغدا تا ئێستا دوو کەس کوژراون و بەدەیانی تر برینداربوون، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا نوری مالکی و عەمار حەکیم داوای هێورکردنەوە لە خۆپیشاندان و هێزە ئەمنییەکان دەکەن.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە خۆپیشاندەرانی مەیدانی تەحریر و بەردەم ناوچەی سەوز بۆ کۆمسیۆن و حکومەتی کازمیان دانابوو لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و، لە ئەنجامدا رووبەڕووبوونەوە لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو ئەو کاتەی خۆپیشاندەران هەوڵیان دەدا بچنە ناو ناوچەی سەوز کە جێگای حکومەت و دەزگا فەرمییەکانی ولآتە، ئەو جووڵەیەی خۆپیشاندەران بەو ئاراستەیە توندتیژی لێکەوتەوەو تا ئێستا دوو خۆپیشاندەر کوژراون و نزیکەی ٣٥ ی تر بریندارن.

بۆ بەرگرتن لە پەرەسەندنەکان کە مەترسی لەدەستدەرچوونی کۆی دۆخەکەی لیدەکرێت، نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و عەمار حەکیم سەرکردەی هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی بەجیا لە دوو راگەیاندندا داوای هێورکردنەوەو پاراستنی خۆپیشاندەران و دوورکەوتنەوە لە توندتیژی دەکەن.



PM:05:25:05/11/2021