ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بورهان سەعید سۆفی رایدەگەیەنێت" بڕیاری دەرکردنی هاوسەرۆکان و هەڤاڵانمان نا شەرعییە".
لە روونکردنەوەیەکدا بورهانی سەعید سۆفی کە ئاراستەی کادیران و لانەگیرانی یەکێتی کردووەو سەرکردایەتی حیزبەکەی کردووە، دەڵێت " ئەو بابەتانەی لە سۆشیال میدیا باس دەکرێن گوایە دوێنێ شەو لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی بە کۆی دەنگ بڕیاری لێدراوە کە هەڤاڵی هاوسەرۆك و هەڤاڵانمان لە سەرکردایەتی دەرکراون و ئێمەش دەنگمان داوە، راستە نییە".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە درێژەی روونکردنەوەکەیدا دەڵێت " لە کۆبوونەوەی دوێنێ شەو بەهیچ شێوەیەك باسی ئەو بابەتە نەکراوە تاوەکو دەنگی بۆ بدەین، چونکە من وەکو ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەهیچ جۆریك پشتیوانی لە بڕیاری لەو جۆرە ناکەم و بڕیارێکی ناشەرعیە".
ئەمڕۆ هەواڵێک لە زۆرێک لە میدیاکان بڵاوکرایەوە کە مەکتەبی سیاسی پشتگیری بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیان کردووە لە بڕیاری دەرکردنی لاهور جەنگی و چوار ئەندامی سەرکردایەتی.