وەزیری تەندروستی هەرێم لەبارەی داخستنی ناوەندەكانی خوێندن ڕوونکردنەوە دەدات

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر داخستنی ناوەندەكانی خوێندن ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت" هیچ پێشنیارێك بۆ داخستنی ناوەندەکانی خوێندنگەكان نییە".

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە دوای كردنەوەی نەخۆشخانەی (جەمال حاجی عەلی) تایبەت بە نەخۆشانی شێرپەنجە بە میدیاکانی ڕاگەیاند" ئەم نەخۆشخانەیە پڕۆژەیەكی زۆر ستراتیجی و گرنگە بۆ شاری سلێمانی و هەرێمی كوردستان، لە ئێستاشدا چەند بودجەیەك لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە تەرخان كراوە، بۆ نوێكردنەوەی چەندان ئامێری پزیشكی و چەند خزمەتگوزارییەكی دیکە لە نەخۆشخانەی هیوا و شاری لە سلێمانی".

سامان بەرزنجی سەبارەت بە داخستنی قوتابخانەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەى پەتای وەرزی و بەرزبوونەوەى ئامارەکانی کۆرۆنا ئاماژەی بەوەکرد" هیچ پێشنیارێکی داخستنی قوتابخانەکان نەکراوە، ئەوەی هەیە تەنها ئەو ڕێکارانەن کە لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەى کۆرۆنا بڕیاریان لێ دراوە".

وەزیری تەندروستی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو: تا ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دەبێت سەرجەم فەرمانبەرانیش ڤاكسینی دژە كۆرۆنا وەربگرن، هەموو مامۆستا و فەرمانبەران ئاگادار دەكەینەوە كە سەردانی سەنتەری پێدانی ڤاكسین بكەن.


PM:02:18:07/11/2021