کێشەی کەمی دەرمان لە شاری سلێمانی چارەسەر دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت "وەزیری دارایی بەڵێنیداوە کێشەی کەمی دەرمان لە سلێمانی چارەسەر بکەن".


ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ی تشرینی دووەم، سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەکرد "دوێنێ لەگەڵ وەزیری دارایی قسەمکردووە و بەڵێنیداوە لە چەند رۆژی داهاتوودا کێشەی کەمی دەرمان چارەسەر بکەن".

وتیشی "لەهەمان کاتدا بەڕێوەبەری بانکەکان بڕیاریداوە بەشێکی شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایانەی تایبەتن بە دابینکردنی دەرمان بەشێوەی نەختینەیی خەرجبکات، باسی لەوەشکرد "لە ئێستادا نزیکەی ١٠ ملیار دینار شایستەی دارایی کۆمپانیاکانی تایبەت بە دابینکردنی دەرمان بەشێوەی نەختینە خەرجنەکراوە".


بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئەوەشیخستەڕوو،  کۆرۆنا بەردەوامە و پێویستە خەڵک  بەردەوامبێت لە ئەنجامدانی رێککارەکانی تایبەت بە خۆپارێزی، بەڵام لە خۆپارێزیش گرنگتر خۆکوتانە دژی ڤایرۆسەکە.


لەچەند ڕۆژی ڕابردوو دا ناوبراو ڕایگەیاند "کە هۆكاری کەم بوونەوەی دەرمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی دەرمان بدرێت كە نزیكەی (١٠) مانگە دەرمان بۆ ئێمە دەهێنن، بەڵام وەك پێویست شایستە داراییەكانیان بۆ دابین بكەین".



PM:02:38:14/11/2021