کاتی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکرێت

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند" ئەنجامەکان ئاڕاستەی دەستەی دادوەری کراون و لەماوەی ١٠ رۆژدا ئەنجامەکان یەکلایی دەکرێنەوە".
 
نبراس ئەبو سودە، یاریدەدەری وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند" تائێستا هیچ سکاڵایەک لەسەر ئەنجامی ئەلیکترۆنی و ژماردنەوەی دەستی بنکەتانە لێدراوەکان پێشکەشی دەستەی دادوەری کۆمسیۆن نەکراوە و بەگوێرەی یاسا لەماوەی ١٠ رۆژدا لایەنەکان دەتوانن سکاڵاکانیان پێشکەشی دەستەکە بکەن".

وتەبێژی کۆمسیۆن بە میدیاکانی راشگەیاند " وێستگە تانەلێدراوەکان ژمارەیان ١٤٣٦ تانە بووە، لەو ژمارەیەش ئەنجومەنی کۆمسیاران تەنها ٨٧ تانەی پەسەندکرد کە بەڵگەیان لەگەڵدا بووە، کۆی ئەو وێستگانەش کە تانەیان لێدرابو بریتین بون لە ٤٣٢٤ وێستگە، لەئەنجامیشدا دەرکەوت سەرجەم ئەنجامەکانی جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی و دەستی دەنگەکان هاوتا بوون".

8ی ئەم مانگەش کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگی وێستگە تانەلێدراوەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەنجامی ئەلیکترۆنی و ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان هاوتا بوون.

وەک بەرپرسەکەی کۆمسیۆن رایگەیاند، دوای تانەداو وردبوونەوە، کۆمسیۆن ئەنجامەکان رادەگەیەنێت.



PM:03:13:15/11/2021