مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆدەبنەوە( نوێکراوەتەوە )

پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ دوو شەممە ١٥ تشرینی دووەم، مەسعود بارزانی لە بارەگای خۆی لە هاوینەهەواری سەلاحەدین پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی کرد.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ( سپی ) ئەو سەردانەی بافڵ تاڵەبانی بۆ لای بارزانی لە چوارچێوەی ئەو بڕیارەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدایە کە بڕیاری داوە لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆببێتەوەو هەوڵی یەکخستنی هێزە کوردیەکان بدرێت و لە بەغداو هەوڵێستی هەموو لایەنەکان یەکبخرێت لەسەر پرسەکانی کورد.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە کێشە ناوخۆییەکانی نێو یەکێتی نیشتمانی کوردستان کراوەو، بارزانی جەختی لەسەر پاڵپشتیکردنی ماڵی تاڵەبانی کردۆتەوە وەک هاوبەشێکی حوکم لە هەرێمی کوردستان و لە بەغدا.

لەدوای رووداوەکانی ٨ ی تەموزی نێو سەرکردایەتی یەکێتی و سەرهەڵدانی کێشەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی، ئەمە یەکەمجارە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کۆدەبنەوە.

نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی بڵاویرکردەوە لە کۆبوونەوەکەدا " بەشداریی کورد لە ‏حکومەتی داھاتووی عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە سیاسییەکان بە وردی ‏گفتوگۆی لەبارەوە کرا، جەخت لە یەكڕیزیی كورد كرایەوە".‏

هەروەها لەو راگەیاندنەدا هاتووە " لە کۆبوونەوەکەدا دوای ھەڵسەنگاندنی دۆخی گشتی و پرسە هەنووكەییەكان، جەخت لە ‏یەکڕیزیی نیشتمانیی کورد و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ‏خزمەتکردنی خەڵكی كوردستان کرا.‏

بەپێی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، لە بەشێکی دیکەیدا قۆناغی نوێی عێراق و دوای ‏ھەڵبژاردنەکان ھەڵوەستەی لەسەر کرا و گرنگی یەکگوتاری کورد لە بەغداد بە پێویست ‏زانرا و پەرۆشیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ‏یەکڕیزی و تەبایی ماڵی کورد دووپاتکرایەوە.‏

جەختیشکرایەوە لەسەر پرۆژەیەکی ھاوبەشی نیشتمانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ‏نەتەوەیی بۆ کۆی پرسە سیاسییەکان و داڕشتنی بەرنامەیەكی هاوبەشی هەردوولا بۆ ‏مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و چەسپاندنی پرەنسیپی ‏شەراكەت لە حوكمڕانی و جێبەجێكردنی داواكاریی هاوڵاتیان و بەدیهێنانی سەقامگیری.‏





PM:03:32:15/11/2021