مەسرور بارزانی لەگەڵ برێت مەکگورک و وەزیری بەرگری ئەمریکا کۆبۆوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ رێکخه‌ری کاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئەفریقا و وەزیری بەرگری ئەمریکا کۆبۆوە و بارودۆخی گشتی عێراق دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان و پەیوەندییەکانی هەرێم و ئەمەریکا تاووتوێ کرا. 

نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری مەنامەی پایتەختی بەحرەین، لەگەڵ لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا کۆبۆوە، لە کۆبونەوەکەدا وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان، هاوبەش و هاوپەیمانێکی گرنگی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا و واشنتن بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەرێم، بەتایبەت هێزەکانی پێشمەرگە لە رووبەڕوبونەوەی داعش. 

لای خۆشیەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێم، جەختی لە گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و هەبوونی هەماهەنگی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کردەوە.

لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" دیالۆگی ستراتیجی ئەمریکا و عێراق و گرنگی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبونەوەکە بوو". 

هەر ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لە هەمان شار لەگەڵ برێت مەکگورک رێکخه‌ری کاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئەفریقا له‌ کۆشکی سپی کۆبۆوە، لە دیدارەکەدا، گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە و بارودۆخی گشتی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تاووتوێ کرا و جەخت لە برەودان بە هەماهەنگی و هاریکاری کرا لە پێناو ئارامی و سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و ناوچەکە.


PM:05:10:20/11/2021