بایكۆت و خۆپیشاندانی خوێندكارانی بەشێک لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە، هاوکات له خۆپیشاندانهكەی ئەمڕۆی زانكۆی سلێمانی كچه خوێندكارێک پێکرا و به سهختی بریندار کرا.
لەمبارەیەوە پەیامنێرمان لە شاری سلێمانی پێی ڕاگەیاندین" خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە شاری سلێمانی بۆ داواکردنی دەرماڵە گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو، کە بەهۆی تەقەی گازی فرمێسک ڕێژی هێزە ئەمنییەکان کچە خوێندکارێک بە سەختی بریندار کرا".
ئەوەشی خستەڕوو، خوێندكاران رێگای سەرەكی (سلێمانی – كەركوك) یان داخستووە و رێگە نادەن هاتووچۆ بەو رێگەیەدا بكرێت، هەروەها
جەخت لەوە دەكەنەوە، ماوەی حەوت ساڵە دەرماڵەی خوێندكاران بڕدراوە و داوا دەكەن دەست بكرێتەوە بە خەرجكردنی دەرماڵەکانیان.
هەر ئەمڕۆ ئارام محمد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند" داوای قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان بۆ پێدانی دەرماڵە پێیان ڕەوایە و پشتگیری دەكەین، بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی هەیە تا ئێستا نەتوانراوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد" دەبێت قوتابیان داواكارییەكانیان دیاری بكەن و نوێنەریان هەبێت، کە بە نوسراوی فەمی داواكارییەكانیان بە ئێمە بگات، ئەوكات ئێمەش پشتگیریان دەكەین".
لەبارەی ڕووبەڕوبونەوەی خوێندکاران لەلایەن هێزە ئەمنیەكان، وەزیری خوێندنی باڵا باسی لەوەکرد، لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی قسەمان كردوە و داوامان كردوە توندوتیژی بەرامبەر بە قوتابیان بەكارنەهێنن و ژیان و گیانی قوتابیان پێویستە پارێزراو بێت.
ماوەی دوو ڕۆژە ژمارەیەک لە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم بایکۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كردووە و دەستیان كردووە بە خۆپیشاندان و داوای خەرجكردنی دەرماڵەكانیان دەكەن.