پارێزگاری سلێمانی کەمێک پێش ئێستا لەسەر خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" پشتیوانی لە داوا رەواکانتان دەکەین و دژی هەر توندوتیژی و بەریەککەوتنێکین لە هەر لایەکەوە بێت".
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" ئێمە پشتیوانیی لە داوا ڕەواکانتان دەکەین و دژی هەر توندوتیژیی و بەریەککەوتنێکین لە هەر لایەکەوە بێت، پەیام و داواکارییەکانی ئێوەمان گەیاندوەتە وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەخوازین بەزوترین کات وەڵامی داوا ڕەواکانتان بدرێتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ئەرکی هەمومانە و پارێزەری هەر چالاکی و ڕێگایەکی مەدەنیانە دەبین کە بە ئاشتیانە گوزارشت لە داخوازییەکان بکات.
ماوەی دوو رۆژە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە چەند شارێکی هەرێمی کوردستان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوامن و داوای پێدانی دەرماڵە دەکەن، هاوکات ئەمڕۆش لە نێوان خوێندکاران و هێزە ئەمنییەکان گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک خوێندکار بریندار بوون و دەستگیرکران.