وەزارەتی پێشمەرگە: راگەیاندنی شکستپێھێنانی داعش ھەڵەیەکبوو بەغداد کردی

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە جەبار یاوەر، لە ڕاگەیاندراوێکدا باسی لەوەکرد، شکستپێھێنانی داعش لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە ھەڵەبوو.

 

ئەمڕۆ هەینی ٢٦ی تشرینی دووەم، جەبار یاوەر ئەمینداری وەزارەتی پێشەمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ماڵپەڕی ئەلعەربیە ئەلجەدید باسی لەوەکرد، یەکێک لە دیارترین ھۆکارەکانی سەرھەڵدانەوەی داعش و بەردەوامبوونی چالاکییەکانی، ئەو بۆشاییە ئەمنییەیە کە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقیدا ھەیە.

ناوبراو باسی لەوەشکرد، دۆسییەی بەڕێوەبردنی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان لە نێوان ھەولێر و بەغدا بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە کە کەرکوک و زومار و مەخمور و دوز و چەند شارۆچکەیەکی دیکەش دەگرێتەوە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشەمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان وتیشی "رێکخراوی داعش لە سەرەتای کانونی یەکەمی ٢٠٢١ەوە تا ٣١ تشرینی یەکەمی ھەمان ساڵ ١٧٠ چالاکی ئەنجامداوە و تیاندا ٨٣٧  لەھاوڵاتییان و سوپای عێراق و ھێزە ئەمنییەکان کوژراو و برینداربوون.

ڕاشیگەیاند "ساڵی رابردوو داعش ٢٣٠ چالاکی ئەنجامداوە و  تیایدا ٨١٢ کەس کوژراو و بریندار و رفێنراو  ھەبووە".

ئەو بەرپرسە باسی لەوەشکرد، لەگەڵ زیادبوونی چالاکییەکان و ژمارەی کوژراو و بریندارەکان، راگەیاندنی شکستپێھێنانی داعش لەلایەن بەغداوە ھەڵەبوو.

لەبارەی گۆڕینی شێوازی ئەنجامدانی چالاکییەکان لەلایەن داعشەوە، جەبار یاوەر ئەمینداری وەزارەتی پێشەمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان وتی "گروپی چەکداری داعش شێوازی ئەنجامدانی چالاکییەکانی گۆڕیوە، بەشێوەیەک لە رابردوودا بەشێوەیەکی راستەوخۆ شەڕی دەکرد، بەڵام لە ئێستادا بەشێوەی گروپی بچوک بچوک  و  گرتنە بەری شێوازی جیاوازی چاندنی مین و بۆمب و دانانی بۆسە دژی ھێزە ئەمنییەکان بەکاردەھێنێت".

دەشڵێت، "لە ئێستادا داعش ھاوڵاتییان دەڕفێنێت و لەبەرامبەردا داوای پارە دەکات تا بەریانبدات".

سەبارەت بە زیادبوونی چالاکییەکانی گروپی چەکداری داعش، جەبار یاوەر رخنەی گرت لەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقیدا ھەیە و نەبوونی ھەماھەنگی لە نێوانیاندا بە درێژایی ٤٠ کیلۆمەتر.

لە ماوەی ڕابردوو دا وەزارەتی بەرگری عیراق و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەھاوبەشەکانی عیراق  جیابەجیا راگەیەنراوییان لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنە سەرکەوتووەکان لە ناوچەکانی جەبەل حەمرین و چیاکانی قەرەقۆچ و دبس و دۆڵی شای و مەخمور  بڵاوکردەوە.

 

 



PM:01:58:26/11/2021