زانکۆی سلێمانی وادەی کردنەوەی داخلییەکانی ئاشکرا کرد

زانکۆی سلێمانی کاتی کردنەوەی داخلییەکانی ئاشکرا کرد و دەڵێت" ئەو خوێندكارانەی ڕۆژی شەممە وانەیان هەیە لە ڕۆژی هەینی بەشە ناوخۆییەكانیان بۆ دەكرێتەوە". 

لە ڕاگەیەندراوێکدا زانکۆی سلێمانی خوێندكارانی كۆلێژە پزیشكییەكان (پزیشكی گشتی، ددان، دەرمانسازی، پەرستاری، ڤێتێرنەری) ئاگادار دەکاتەوە، كە ڕۆژی شەممە وانەیان هەیە، ڕۆژی هەینی (٣-١٢-٢٠٢١) بەشە ناوخۆییەكانیان بۆ دەكرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، خوێندكارانی كۆلێژەكانی تر كە ڕۆژی یەكشەممە وانەیان هەیە، ڕۆژی شەممە (٤-١٢-٢٠٢١) بەشە ناوخۆییەكانیان بۆ دەكرێتەوە.

هەفتەی ڕابردوو بەهۆی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم و دروستبوونی گرژی و برینداربوونی چەندین خوێندکار و دەستگیرکردنی هەندێکیان، هەریەک لە زانکۆکانی شاری سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان بڕیاریاندا شەش ڕۆژ پشووی فەرمی ڕابگەیەنن، هاوکات بەپێی زانیارییەكان بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەو خوێندكارانەی كە سەردانی بافڵ تاڵەبانیان كرد، كۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەنجام بدەن.


PM:03:01:30/11/2021