"ئەو ئەفسەرەی شەقی لە دەموچاوی خوێندکارێک هەڵدا تا ئێستا نەچۆتە بەردەم دادوەر"

ئەو ئەفسەرەی ئاسایشی سلێمانی کە شەقی لە دەموچاوی خوێندکار " ئاکار دانا " هەڵدا، سەرباری ئەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت رایگەیاند" دەستگیرکراوە"، هەروەها داواکاری گشتی سلێمانی داوای لەدژی جوڵاندووە، خوێندکارەکەش داوای یاسایی تۆمار کردووە، بەڵام تا ئێستا نەبراوەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە.

سەرچاوەیە لە دادگای سلێمانی یەوە بە " سپی " راگەیاند " هەفتەیەک بەسەر هێرشکردن بەشەق هەڵدان لە دەمووچاوی ئاکار دانا، خوێندکاری زانکۆی پۆلەتەکنیک تێدەپەرێت، بەڵام ئەو ئەفسەرەی ئاسایش کە ئەو هێرشەی ئەنجام داوە، تا ئێستا نەچۆتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە داواکاری گشتی سلێمانی و خوێندکارەکە داوای یاساییان دژی ئەو ئەفسەرە جوڵاندووە، هەروەها قوباد تاڵەبانیش جێگری سەرۆکی هەرێم لەدوای رووداوەکە رایگەیاند کە دەستگیرکراوە.

لە رۆژی سێ شەممەی رابردوودا لە خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی سلێمانی ئەفسەرێکی ئاسایش بە جلی مەدەنیەوە بەشەق لە سەری خوێندکارێکی زانکۆ دەدات کە لەلایەن ژمارەیەک ئاسایشەوە خراوەتە ژێر و لێییدەدەن، بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆیە بووە مایەی نیگەرانیی و بێزارییەکی گەورە لەناو خەڵکی هەرێمی کوردستاندا.



PM:03:13:30/11/2021