وتە‌بێژی قوباد تاڵەبانی: سلێمانی بە‌شدارە‌ بە‌و پشكە‌ی كە‌ لە‌سە‌ریە‌تی بۆ‌ دابینكردنی بوودجە‌ی پێویست

‌سە‌میر ھە‌ورامی، وتە‌بێژی فە‌رمی جێگری سە‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
وتە‌بێژی فە‌رمی جێگری سە‌رۆكی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوکدا بە بەڵگە و داتا وه‌ڵامی لێدوانێكی هیڤیدار ئه‌حمه‌د، په‌رله‌مانتاری پارتی دەداتەوە و دەڵێت" سلێمانی بە‌شدارە‌ بە‌و پشكە‌ی كە‌ لە‌سە‌ریە‌تی بۆ‌ دابینكردنی بودجە‌ی پێویست بۆ دابە‌شكردنی موچە‌ و كۆی گشتی پارە‌ی داھاتی ناوخۆ كە‌ بۆ موچە‌ تە‌رخان كراوە".

سە‌میر ھە‌ورامی، وتە‌بێژی فە‌رمی جێگری سە‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌کی بۆ ماڵپەڕی (سپی) نێردراوه‌، رایگه‌یاندووە" دوێنی سێشە‌ممە،‌ وە‌ڵامی لێدوانەکانی پە‌رلە‌مانتار ھێڤیدار ئە‌حمە‌دم دایە‌وە‌ و تێدا بێ ئاگایی ئەوم سەلماند، لە‌بە‌رامبە‌ردا داوای ئە‌وە‌م لێكرا كە‌ بە‌ داتا و ژمارە‌ش وە‌ڵامی بدە‌مە‌وە‌ و دیسانە‌وە دەیسەلمێنم، کە ئەو پەرلەمانتارە هیچ زانیارییەکی دروستی نیە، بۆیە‌ بە‌ڕە‌سمی ئە‌م ژمارانە‌ دە‌خەمە‌ڕو و دە‌یسە‌لمێنم كە‌ سلێمانی بە‌شدارە‌ بە‌و پشكە‌ی كە‌ لە‌سە‌ریە‌تی بۆ‌ دابینكردنی بودجە‌ی پێویست بۆ دابە‌شكردنی موچە‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، كۆی گشتی پارە‌ی داھاتی ناوخۆ كە‌ بۆ موچە‌ تە‌رخانكراوە،‌ لە‌ ھە‌مو پاێزگاكانی ھە‌رێمی كوردستان بریتیە‌ لە‌ دو ترلیۆن و ٥٥٩ ملیار دینار تا بە‌رواری ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، لە‌و بڕە‌ پارە‌یە‌ بڕی یه‌ك ترلیۆن و ١٠٢ ملیار دیناری پارێزگای سلێمانی دابینی كردوە‌ لە‌ داھاتی ناوخۆیی سلێمانی.

سە‌میر ھە‌ورامی باسی له‌وه‌شكردوه‌، پە‌رلە‌مانی ھە‌رێمی كوردستان كە‌ لە‌ ھە‌ولێرە‌، بە‌شێكی بودجە‌ تە‌شغیلییە‌كە‌ی لە‌ داھاتی كۆكراوە‌ی سلێمانی دابین دە‌كرێت، بۆیە‌ جێی قبوڵكردن نییە‌ جارێكی تر تۆمە‌ت بە‌خشین بە‌ سلێمانی و ئیدارە‌ی سلێمانی، چونکە داتاكان سە‌لمێنە‌ری ئە‌وە‌ن كە‌؛ ئە‌وە‌ی لە‌سە‌ر سلێمانییە‌ بۆ دابە‌شكردنی موچە‌ بە‌زیادە‌وە دابین كراوە‌.

دوێنێ هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند" داهات لە پارێزگای سلێمانی کۆناکرێتەوە بۆیە موچە بە سستی دابەش دەکرێت، قوباد تاڵەبانیش ئەوەی بە تیمی پارتی لە حکومەت وتوە". 

پەرلەمانتارەکەی پارتی باسی لەوەشکرد بوو، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕى (٢٠) ملیار دینارى ته‌رخانكردوه‌ بۆ شه‌قامى (١٠٠) مه‌تری سلێمانى‌ و تائێستا ته‌نها یه‌ك ملیار دینار دراوه‌ته‌ كۆمپانیاى جێبه‌جێكار و پاره‌كه‌ى ترى دیارنییه‌. 

پاشان لای خۆیەوە هەر دوێنێ سەمیر هەورامی وەڵامی دایەوە و وتی" ھێڤیدار ئە‌حمە‌دی پە‌رلە‌مانتار لێدوانێكی داوە‌ و ناوی تیمی یە‌كێتی لە‌حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان ھێناوە‌، بۆ ھە‌موو لایە‌كی رووندە‌كە‌ینە‌وە‌؛ قسە‌كانی ئە‌و پە‌رلە‌مانتارە‌ دوورن لە‌ڕاستییە‌وە‌ و بێئاگایی و بێ توانایی خۆی سە‌لماندووە‌ لە‌و لێدوانە‌یدا‌". 

ئەوەشی خستەڕوو، داتا و ئامارە‌كانیش سە‌لمێنە‌ری ئە‌وە‌ن كە‌ ئە‌و ‌پەرلەمانتارە‌ ھیچ زانیارییە‌كی درووستی نییە‌ و كەس لێدوانە‌كانی بە‌جددی وەرناگرێت چونكە‌‌ زوو زوو پە‌نا دە‌باتە‌ بە‌ر موزایە‌دە‌ و دووبارە سەلماندی كە ئە‌و پەرلەمانتارێكی فاشلە.

دواتر هێڤیدار ئه‌حمه‌د پەرلەمانتاری پارتی، روونكردنه‌وه‌یه‌كی تری بڵاوكرده‌وه‌ و ئاشکرایکرد، کە رێکارى یاسایی دەگرێتە بەر بەرانبەر قسەکانى سەمیر هەورامى و سکاڵاى یاسایی لەسەر تۆمار دەکات. 


AM:11:32:01/12/2021