زانکۆی سلێمانی داوای چوار ملیار دینار لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات

سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی داوای چوار ملیار دینار لەوەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات بە مەبەستی دابین کردنی خزمەت گوزارییەسەرەتاییەکان  بۆ بەشە ناوخۆییەکان.


ئەمڕۆ چوارشەممە ١ی کانوونی یەکەم ، د.پێشڕەو حەمەجان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند " نوسراوێکمان لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم  ئاڕاستەی خوێندنی باڵا کردووە بە مەبەستی داواکردنی چوار ملیار دینار کە پێویستمانە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی بەشە ناوخۆییەکان، تاوەکو لەو بڕە پارەیە بۆمان دابین بکات کە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ خوێندنی باڵای دابینی کردووە".

لەبارەی بڕە پارەکەشەوە باسی لەوەکرد  " بڕی دوو ملیار و ٦٠٠ملیۆن دینارمان پیویستە بۆ چاککردنەوەی سیستەمی سارد و گەرمی ناو بەشە ناوخۆییەکان و ئەو بڕەی کە ماویشەتەوە بەکاردەهێنرێت بۆ سیستمی پاکو خاوێنی ناو زانکۆ و بەشەناوخۆییەکان و بەکرێ گرتنی باڵەخانەکان بۆ خوێندکارەکان، کۆی گشتی بڕی ئەو پارەیەی کە پێویستمانە بریتییە لە چوار ملیار دینار".

لە بارەی دۆخی خوێندکارانیشەوە وتی " ١٥٠ خوێندکارمان دۆخی داراییان زۆر خراپە و بە هاوکاری خێرخوازان دەژین، هەروەها لە کۆی ٢٤ هەزار خوێندکاری زانکۆی سلێمانی زیاتر لە هەشت هەزاریان لە بەشە ناوخۆییەکان دەمێننەوە و ئەوانەی دۆخی داراییان خراپە پێویستی زۆریان بە دەرماڵە هەیە".


وتیشی " تا وەکو ئێستا هیچ کەس و لایەنێک بە فەرمی لە رێگەی ئێمەوە پارەی بۆ دەرماڵەی خوێندکاران دابین نەکردووە و  خراپی بارو دۆخی خوێندکاران بووەتە هۆی ئەوەی  خۆپیشاندان ئەنجام بدەن".

 



PM:03:41:01/12/2021