نێچیرڤان بارزانی و حەلبووسی جه‌خت لە هه‌ماهه‌نگی نێوان سووپای عێراق و پێشمه‌رگه‌ دەکەنەوە

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم كۆبوونه‌وه‌ و جه‌ختیان له‌ گرنگى و پێویستیى كاراكردنى زیاتر و خێراى میكانیزمى هه‌ماهه‌نگی نێوان سوپا و پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌. 

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكرده‌وه‌، نێچیرڤان بارزانى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ شاری هه‌ولێر پێشوازی له‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسى، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دوم كرد و جه‌ختیان له‌ ڕۆڵ و ئاماده‌ی و پێگه‌ى هه‌ردوو پێكهاته‌ى كورد و سوننه‌ له‌ پرۆسه‌ى سیاسی عێراقدا وه‌ك دوو هاوبه‌شى سه‌ره‌كى له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ى شیعه‌ و پێكهاته‌كانى دیكه‌دا‌، هه‌روه‌ها له‌ گرنگی هاریكارى و لێكگه‌یشتنى هاوبه‌شى نێوان هێز و لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان كرده‌وه‌، بۆ هه‌نگاونانى پێویست له‌ پرۆسه‌ى سیاسیدا و دامه‌زراندنى حكومه‌تێك كه‌ كۆكه‌ره‌وه‌ى لایه‌ن و پێكهاته‌ عێراقییه‌كان و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى خواست و داوكاری هاوڵاتیان بێت له‌ دابینكردنى ئارامى و سه‌قامگیرى و خزمه‌تگوزارى و ژیانێكى باشتر.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، هه‌روه‌ها باسیان له‌ دوایین پێشهاته‌كانى شه‌ڕى "تیرۆر" و هێرش و په‌لاماره‌كانى ئه‌م دواییه‌ى داعش كرد، به‌تایبه‌تى له‌ ناوچه‌كانى بۆشای ئه‌منى له‌ نێوان سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌دا كه‌ له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌ك شه‌هیدى له‌ ڕیزه‌كانى سوپا و پێشمه‌رگه‌ و هاوڵاتیاندا لێكه‌وته‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئەوەش هاتووە" نێچیرڤان بارزانى و حه‌لبوسى جه‌ختیان له‌ گرنگى و پێویستى كاراكردنى زیاتر و خێراى میكانیزمى هه‌ماهه‌نگی نێوان سوپا و پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وى "تیرۆرستان" و تێكشكاندیان، هه‌روه‌ها ڕاسته‌ڕێبونى پڕۆسه‌ى سیاسى و ئارامى و سه‌قامگیرى سیاسییان له‌ وڵات، به‌ پێویستییه‌كى له‌ پێشینه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن له‌ شه‌ڕى دژى "تیرۆر"دا له‌ قه‌ڵه‌مدا". 


PM:01:21:07/12/2021