مەحمود سەنگاوی دەربارەی هەواڵی دوورخستنەوەی لە یەكێتی ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و دەڵێت" سەنگەرەكانی ھێزی پێشمەرگە لە لام پیرۆزترین و شەرەفمەندانەترین ئەرك و پۆست و پایەیە".
نوسینگەی تایبەتی مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەداخەوە لە چەند میدیایەكی سێبەریەوە چەند ھەواڵێكی بێ بنەما و دوور لە ڕاستی دەربارەی دوورخستنەوەی مەحمود سەنگاوی بڵاوكراونەتەوە كە مەبەست لێیی چەواشەكاری و شێواندنی بیر و ھۆشی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە.
ئەوەشی خستەڕوو، مەحمود سەنگاوی لە ئێستادا سەرپەرشتیكردنی سەنگەرەكانی ھێزی پێشمەرگەری كوردستانی پێسپێردراوە و لە ئەرك و لێپرسراویەتی خۆی وەك میحوەری ١ی گەرمەسێری ھێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامە جگە لە لێپرسراویەتیە حیزبیەكەی كە وەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) لە خزمەتكردن بەردەوامە.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرلەبەری ئەو ھەواڵانە دوورن لە ڕاستیەوە و مەحمود سەنگاوی ڕیزی پێشەوەی سەنگەرەكانی ھێزی پێشمەرگەی لا پیرۆزترین و شەرەفمەندانەترین ئەرك و پۆست و پایەیە.