ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق دەستیپێکرد

وەزارەتى پێشمەرگەى هەرێم رایدەگەیەنێت" بەمەبەستی دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵ کردنمان لە هەردوو میحوەری یەکی گەرمەسێر و دووی قەرەتەپە دەستپێکرد". 

بەیانی ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" ئەمڕۆ لە هەردوو میحوەری یەکی گەرمەسێر و دووی قەرەتەپە، هێزەکانی پێشمەرگە بەمەبەستی دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و لەناوبردنی مۆڵگەکانی تیرۆریستان، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵ کردنیان لەو ناوچانەدا ئەنجام دا، کە دەکەونە ناوچەی بایەخپێدراوی ئەمنی هاوبەش  لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی". 

ئەوەشی خستەڕوو، لەم ئۆپەراسیۆنەدا، لە میحوەری گەرمەسێرەوە هەریەک لە لیواکانی (٣ و ٥)ى پیادەو لە میحوەری دووی قەرەتەپەوە لیواکانی( ۱۷ و ۹) پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ چەند یەکەیەکی هێزەکانی (٧٠)، بەشداریی تێدا دەکەن.

لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم جەختیشیکردەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوام دەبێ تا بەتەواوەتی کیۆماڵی ناوچەکە دەکرێت، هاوکات ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنانە دێ، کە پێشتر کراون.


AM:09:18:08/12/2021