ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران

 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوە، کە تێیدا پێداویستییەکانی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش تاووتوێکرد.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١،  ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە، تێیدا گفتوگۆ لەربارەی هێرش و پەلامارەکانی داعش کرا بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی چەندین پێشمەرگە و هاووڵاتی.

 

دەقی راگەیەنراوەكە:

 

*ئەنجومەنی وەزیران دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش تاووتوێ دەکات

 

سەرۆک وەزیران :

هەرچی پێمان بکرێت دەیکەین بۆ پشتیوانیکردنی پێشمەرگە و پاراستنی خەڵکی خۆڕاگری ئەو ناوچە کوردستانییانەی ڕووبەڕووی هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش بوونەتەوە

 

ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای نوێی پەروەردە وفێرکاریی پەسەند کرد

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی دیسەمبەری 2021 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.

 

ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی دەربارەی هێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش کرد بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی چەندین پێشمەرگەی قارەمان و هاووڵاتی.

 

سەرۆک وەزیران ، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدەکان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست. سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوەشدا کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، لە پەیوەندی بەردەوامدان بۆ فراوانکردنی دەرفەتەکانی هاریکاری و هەماهەنگیی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش. سەرۆک وەزیران دووپاتیکردەوە، کە هەرچی پێمان بکرێت دەیکەین، بۆ پشتیوانیکردنی پێشمەرگە و پاراستنی خەڵکی خۆڕاگری ئەو ناوچە کوردستانییانەی ڕووبەڕووی هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش بوونەتەوە کە ئەم هێرشانە، بە شێکن لە سیاسەتی بەردەوامی گۆڕینی دێموگرافی ئەو ناوچانە و ناچارکردنی دانیشتووانەکانیان بۆ ئەوەی شوێنەکانیان چۆل بکەن

 

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای ( پەروەردە و فێرکاری لە هەرێمی کوردستان ) لە لایەن ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە خرایە ڕوو، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران، بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد، بە ئامانجی ڕێکخستنی هەموو بوارە پەروەردەیی و فێرکارییەکان لە سەر بنەمای سەردەمیانە و برەودانی زیاتر بە پرۆسەی خوێندن لە پێناو دانانی بناخەی سیستەمێکی پەروەردەیی نوێی کوردستانی. پڕۆژە یاساکە، فراوان وگشتگیرە و کۆی پرۆسەی پەروەردە و فێرکاری، لە کەرتی حکومی و تایبەت لەخۆ دەگرێت.

 

پاشان کەمال محەمەدساڵح وەزیری کارەبا، پڕۆژە یاسای ( هەمواری یەکەمی یاسای وەزارەتی کارەبا ژمارە 6ی ساڵی 2021 ) خستەڕوو، کە ئامانج لێی، باشتر ڕێکخستنەوەی هەیکەلیەتی وەزارەتە. پڕۆژە یاساکە، لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرا و بڕیاردرا بە ناردنی هەردوو پڕۆژە یاساکە، بۆ پەرلەمانی کوردستان.

 

ئینجا بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕاپۆرتێکی دەربارەی بابەتی وشکەساڵی و مەترسییەکانی بۆ سەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە سەرئەنجام کاریگەری لە سەر بەرزبوونەوەی نرخی پەیینی کیمیایی و ماددە قڕکەرەکان و کاریگەری بۆ سەر داچاندنی بەرهەمی دانەوێڵەی گەنم و جۆ و دۆخی ئاژەڵداران و کێڵگەکانی پەلەوەری و سامانی ماسی و بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک دەبێت. لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بە گرنگیدان بە سەرچاوە ئاوییەکان و بەنداوەکان و پڕۆژە ئاودێرییەکان و گلدانەوەی ئاوی پێویست و پاراستنی ڕێژەی بەکارهێنانی ئاو کرا، لە ڕێگەی هوشیارکردنەوەی هاووڵاتییان و هەروەها چەندین پێشنیاری ئاسانکاریی بۆ جووتیاران وئاژەڵدارانی هەرێم خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرە پەیوەندیدارەکانی بەو ئاسانکارییانە ڕاسپارد، کە کاریان لەسەر بکەن و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان، هاوکاریان بن.

 

پاشان حەمەی حەمە سەعید وەزیری ڕۆشنبیریی و جووتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، چەندین سەرنج و تێبینی و پێشنیار و ڕاسپاردەیان بۆ ڕێکخستنی مامەڵەی میدیا و سۆشیال میدیا، لە گەڵ دۆخی ئێستای بەرەکانی جەنگ دژ بە تیرۆریستانی داعش خستەڕوو ، کە پێویستە وەک ڕاگەیاندنی بەرپرس، ڕۆڵی خۆیان ببینن لە پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی و سەلامەتی و ژیانی پێشمەرگە قارەمانەکان، بە پێچەوانەوە کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر پلانەکانی ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریستان و سەنگەرەکانی بەرگری. 



PM:03:42:08/12/2021