لە ٦ مانگدا لە فرۆشی نەوتی هەرێم لە ٤،١ ملیار دۆلار تەنها ١،٧٣٧ ملیار بۆ حکومەت ماوەتەوە


کۆمپانیای دیلۆیت داهاتی نەوت ئاشکرا دەکات و لە کۆی ٤،١ ملیار داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە شەش مانگدا تەنها ١،٧٣٧ ملیاری بۆ هەرێم ماوەتەوەو ئەو دوای ٢،٣٦٣ ملیار دۆلار دراوە بە مانگانەی بەرهەمهێنەرانی نەوت و بەکاربەرانی بۆرییەکان و کڕیاران.

کۆمپانیای دیلۆیت کە تایبەتە بە وردبینی لە کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان لە نوێترین راپۆرتی کە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ ەوە بۆ ٣٠ مانگی حوزەیران، حکومەتی هەرێمی کوردستان ٧٧,٣٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگای بۆری هەناردەی دەرەوەی کردووە. هەروەها ٣,٩٥ ملیۆن بەرمیل بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان تەرخانکراوە. ٧٦,٨٦٩ ملیۆن بەرمیل لە نەوتی خاوی هەناردەکراو گواستراوەتەوە لەلایەن فرۆشیارانەوە لەڕێی بەندەری جەیهان بە تێکڕای نرخی ٥٣,٤٤٦ دۆلار بۆ یەک بەرمیل فرۆشراوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بە بەردەوامی ڕاپۆرتەکانی وردبینیکردنی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (دیلۆیت)ەوە بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکاتەوە. و لە ساڵی (٢٠١٩) ەشەوە داتا و زانیاری پێشکەش کردووە دەربارەی ڕەسیدی  پێشەکی دراو بە هەرێمی کوردستان کە قەرزاری کڕیارەکانی نەوتە. لە ساڵی ٢٠٢٠دا  ئاشکراکردنی زانیارییەکان فراوان کران و هاوتاکردنی داتاکانی نێوان بەرهەمهێنان و هەناردەکان و بەکاربردنی ناوخۆشی گرتەوە.

هەرچەندە حکومەتی هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پرۆسەی نەوتی هەرێم شەفافانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بەڵام لەنێو حیزبەکانی دەسەڵات لە دەرەوەی پارتی و ئۆپۆزسیۆنیش کەم نین ئەو بەرپرس و پەرلەمانتارانەی جەخت لەسەر نا روونی و گەندەڵی لەم کەرەتە گرنگەی ئابوری هەرێمدا دەکەنەوە.

وردەکاری راپۆرتی دیلۆیت لەم لینکەوە ببینە.. 



PM:09:49:08/12/2021