ئەرسەلان بایز بۆ نێچیرڤان بارزانی:
یەکێتی‌و پارتی دەسەڵاتی دادوەریان لە نێو خۆیاندا دابەشکردووە


ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی، د. ئەرسەلان بایز لەسەر ئەو گفتوگۆیەی ئێستا لە ناوەندی یاسایی و میدیایدا قسەی لەسەر دەکرێت و، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمیش هەفتەی رابردوو ورژاندنی، دەڵێت " بە درێژایی بیست ساڵی ڕابردوو هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار یەکێتی و پارتی دامەزراوەی دادوەرییان لە نێوان خۆیاندا دابەشکردووە و دادگاکان لە ژێر هەژموونی هەردوو حیزب دان".

لە بارەی وتارەکەی نێچیرڤان بارزانیەوە، د. ئەرسەلان بایز ئەمڕۆ یەک شەممە لە وتارێکدا دەڵێت " پرسیاری ئێمە: ئایا کێن ئەو کەسانەی دەست لە کاروباری دادوەران وەردەدەن..؟ بۆچی متمانە لە نێوان جەماوەرو دادگاکانی هەرێمدا نییە..؟! چونکە بە درێژایی ئەو بیست ساڵەی ڕابردوودا هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار (ی.ن.ک) و پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزراوەی دادوەرییان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە...دادگاکان لە ژێر هەژموونی هەردوو حیزب دان".  

ئەو بەرپرسەی یەکێتی کە پێشتر سەرۆکی پەرلەمان  بووە، دەپرسێت" ئایا حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان، کەسانی سادەو هاوڵاتیان دەتوانن دەستوەردان و هەژموون لەسەر دادگاکان دروست بکەن..؟ بێگومان نەخێر. ئایا هەردوو حیزب تا چەند ئامادەن سەربەخۆیی دادگاکان بپارێزن...؟ ئەگەر دادوەرێک لە کەیسە گرنگەکان بەقسەی دەسەڵاتی سیاسی نەکردو بە پێی یاسا بڕیاریدا چارەنووسی چی دەبێت...؟ ئایا فشاری ناخەنە سەرو تەنگەتاوی ناکەن..؟ لە کارەکەی دوور ناخەنەوە...؟ نان بڕاوی ناکەن...؟ ئەوسا کێ دیفاعی لێ دەکات... کێ قەرەبووی دەکاتەوە...؟!".  

ئەرسەلان بایز بە راشکاوانە دەڵێت "دەسەڵاتی سیاسی ئەمڕۆی کوردستان لە سەروو یاساوەیە...؟ ئایا لەم بارودۆخەی ئەمڕۆدا دەتواندرێت سنوورێک بۆ دەسەڵاتی سیاسی کوردستان دابنێت...؟".  

ئەو نەبوونی متمانەی نێوان جەماوەرو حکومەت و هەردوو حیزبیش دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی سەروەری یاسا و دەڵێت " هەر بۆیەش هەردوو حیزب لەدوا هەڵبژاردندا زیاتر لە نیو ملیۆن دەنگیان کەم بۆتەوە". ئەرسەلان بایز بە سەرۆکی هەرێم دەڵێت "ئەو وتەیەی بەڕێزتان زۆر زۆر ڕاستە کە (دادوەری، یەکێکە لە بنەما هەرە گرنگەکانمان. ئەگەر دەسەڵاتی دادوەری پتەو بێت، وڵات پارێزراو دەبێت و ئینتیماش بۆ وڵات جێگیر دەبێت.) ئێمەی هاوڵاتی لەمەودوا بۆ هەر گرفتێکی نایاسایی دادگاکان...بۆ هەر گرفت و هەژمونێکی سیاسی حیزبە دەسەڵاتدارەکان بۆ سەر سەروەری یاسا، ناچار دەبین ڕوو لە سەرۆکی هەرێم بکەین و بڵێین بەڕێز: پڕۆژەو بەرنامە ڕاگەیەنراوەکەی خۆتان جێ بەجێ بکەن".  

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم (8ی کانونی یەکەمی2021)  لەوتارێکدا  لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی دادگای پێداچوونەوە و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەە دەبێت دەسەڵاتی دادوەری ئازاد بێت و، به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، خۆی داكۆكی له‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆی بكات، كه‌ به‌ یاسا پارێزراوه‌! ده‌بێ خۆی ئیراده‌ی جددیی رووبه‌ڕووبوونه‌ی ته‌حه‌دییه‌كانی هه‌بێت. پارێزه‌ری ده‌سه‌ڵاتی خۆی بێت و بێ ترس و به‌ جورئه‌ته‌وه‌، به‌رگری لە دەسەڵاتەكانی خۆی بكات كە یاسا پێیداوە".    
"دەبێت یا رێگه‌ نه‌دات و بە هیچ شێوەیەكیش قبووڵی نه‌كات هیچ ده‌سه‌ڵات و هیچ كه‌سێك و هیچ هێزێك و هیچ لایه‌نێك، به‌ هه‌ر به‌هانه‌یه‌كه‌وه‌ بێت، ده‌ست بخاته‌ ناو كاروباریانەوە‌! نه‌چێته‌ ژێر باری هیچ هه‌ڕه‌شه‌ و پاڵه‌په‌ستۆ و كاریگه‌ری و داواكارییه‌كی نایاسایییه‌وه‌، جا له‌ هه‌ر پێگه‌یەك و لە هەر شوێنێك و له‌ هه‌ر كێوه‌ بێت!".    

نێچیرڤان بارزانی جەختیکردەوە، "ئەگەر دادوەران پێیان خۆش بێت، یان پێیان ناخۆش بێت! هەمیشە ئەوەتان بەبیر بێت هاووڵاتی تەنها کاتێک دەتوانێ ڕێز لە یاسا بگرێت کە ببینێت یاسا لە سەروو سیاسەتەوەیە و توانای ئه‌وه‌ی هەیە سنوور بۆ دەسەڵات دابنێت".    



PM:09:23:12/12/2021