کونسوڵخانەی چوار وڵات نامەیەک ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێم دەکەن

کونسوڵخانەی چوار وڵات دەربارەی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم نامەیەک ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن" پێویستە هەنگاوی هاوشێوە بگیرێنەبەر لەسەر بڕگە هەڵپەسێردراوەکانی چاکسازی". 

هەر یەک لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا لە نامەکەیاندا کە ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کردوە دەڵێن" پیرۆزبای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لەسەر ئەو بەرەوپێشچونەوەی فەراهەمی کردوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی پێشمەرگە، کە ئەمە هەنگاوێکی یەکجار گرنگە بۆ خوڵقاندنی هێزێکی شەڕکەری کاریگەرتر. لەم کاتەدا کە زیاتر لە (٢٠٠٠) پێشمەرگە خانەنشینکراون بە پێی یاسا نوێیەکە، ئێمە هانی جێبەجێکردنی خانەنشینکردنی ئەو (٨٣٠) ئەفسەرەش دەدەین، بەو شێوەیەی ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی کردوە". 

ئەوەشیان خستەڕوو، لەو باوەڕەداین پێویستە هەنگاوی هاوشێوە بگیرێنەبەر لەسەر بڕگە هەڵپەسێردراوەکانی چاکسازی، کە وەزارەتی پێشمەرگە بەرزیکردونەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەسندکردنیان، بۆ نمونە ستراتیژیی بەرگریی سەربازی و یەکەی ژمێریاریی یەکگرتوو. 

کونسوڵخانەکانی ئەو چوار وڵاتە پشتیوانی خۆیان بۆ داواکارییەکی هێزەکانی حەفتا دەردەبڕن بۆ یەکخستنی فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دوو لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو بارەیەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن" چاوەڕوانی پەسەندکردنی داواکارییەکەی هێزەکانی حەفتاین بۆ یەکخستنی فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دوو لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە". 

لە نوسراوەکەدا ئەوەش هاتووە" ئێمە پابەندین بە پشتگیریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەت بۆ ئەم چاکسازییە، هاوکات چاوەڕوانی هەنگاوەکانی داهاتوین بۆ بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی درێژمەودا و ئاسایشی بەردەوام لە هەرێمی کوردستانی عێراق". 


PM:03:29:16/12/2021