بەرگری شارستانی هەولێر زانیاری نوێ لەسەر زیانەکانی لافاوەکە دەخاتە ڕوو

وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئاشکرای کرد، لافاوەکەی ئەمشەوی هەولێر زۆر گەورەترە لە لافاوەکانی پێشوو و ئاماری زیانە گیانی و ماددییەکانیش زۆر زیاترە لە لافاوەکانی پێشوو.

سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئەمڕۆ هەینی ١٧ی کانوونی یەکەم راگەیاند، "رێڕەوی لافاوەکە چەندین گەڕەکی لە بەشی رۆژهەڵاتی شاری هەولێر گرتووەتەوە بەشێک لە گەڕەکەکانیش بریتین لە، قەڵاتی نوێ، مامزاوە، سەرکارێز، پرۆژەی ژیان، کەسنەزان و ناحییەی شەمامک و چەند گەڕەکێکی دیکە".

وتەی وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر وتیشی "پێشبینی دەکەین کە ئاماریی زیانە گیانییەکان بەرزترببێتەوە و تا ئێستا هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە، کە حەوت کەس بەهۆی لافاوەکەوە خنکاون و لە ناحییەی شەمامکیش کەسێک بەهۆی هەورەبروسکەوە گیانی لەدەستداوە."

وتەبێژی بەرگری شارستانی دەڵێت، "زیانە گیانیەکان و دیمەنە تراژیدیاکان هێندە زۆرن، بە جۆرێک هاوڵاتیان بە دوای کەسوکاریاندا دەگەڕێن لەناو پاشماوە و ئاوی لافاوەکەدا و لە ناویاندا منداڵیش هەیە کە بێ سەروشوێنە".

سەرکەوت کاڕەش باسی لەوەشکرد، خێرایی و رێڕەوی ئاوەکە وایکردووە کە قەبارەی زیانە گیانی و ئاوییەکانی لافاوەکەی ئەمجارە زۆر زیاتر بێت بەبەراورد بە رووداوەکانی پێشوو، دەشڵێت، "تا ئێستا ئاماری کۆتاییمان لەبەردەست نییە لەسەر رووداوەکە".

هەر لەبارەی زیانە گیانییەکانیشەوە، ئاشکرایکرد، بێجگە لە ئەوانەی کە گیانیان لەدەستداوە، چەند حاڵەتێکی دیکەی وەک جەڵتەی دڵ بەهۆی شۆک و ترسی رووداوەکان و قاچ شکان و برینداریی جۆراوجۆر هەیە و تا ئێستا ئاماریی کۆتاییان لەبەردەست نییە.

سەرکەوت کاڕەش ئەوەشی خستە ڕوو، لەکاتی هەوڵدان بۆ یارمەتی دانی هاوڵاتیان چوار کارمەندیان لەنێو ئۆتۆمبێلدا گیریانخواردووە و دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر هەوڵدان بۆ رزگارکردنیان، رزگارکران و لەئێستادا لە نەخۆشخانە چارەسەری پێویست وەردەگرن.



AM:11:12:17/12/2021